هەوڵەکانی شارەداری شنۆ بۆ چاڵکردنی زبل و خاشاک لە گوندی \"گردکاشان\" بێئاکام بوو

15:35 - 25 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: دانیشتوانی گوندی \"گردکاشان\"ــی شاری شنۆ، پێشیان لە خاڵی کردنی پاشماوەی زبل و خاشاکەکانی شاری شنۆ، لەو گوندە، گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٤ی خاکەلێوە، دانیشتوانی گوندی \"گردکاشان\"ی شاری شنۆ، پێشیان بە چاڵکردنی زبل و خاشاکەکانی ئەو شارە، لە لایەن شارەدارییەوە، لە نزیک ئەو گوندە، گرت.

بە وتەی یەکێک لە دانیشتوانی گوندی \"گردکاشان\"، دانیشتوانی ئەو گوندە، لەو شوێنەی کە بۆ شوێنی چاڵکردنی زبڵ و خاشاکەکان لە لایەن شارەدارییەوە، دیاری کرا بوو، کۆبوونەوە و پێشیان بەو هەوڵەی شارەداری گرت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، دانیشتوانی گردکاشان خوازیاری دیاری کردنی شوێنێکی دیکە، بۆ چاڵکردنی پاشماوەی زبڵ و خاشاکەکانی شاری شنۆ لە لایەن شارەدارییەوە، بوون.

ئەمە دووهەمێن جارە، کە دانیشتوانی ئەو گوندە، پێش بە چاڵکردنی زبڵ و خاشاکەکانی شاری شنۆ، لە نزیک ئەو گوندە، دەگرن.

خاڵی کردنی پاشماوەی زبڵەکان لە نزیک ئەو گوندە، جگه لەم شوێنه که دابین کراوه له سەرەوەی ئەم شوێنە و دەور و پشتی پاشماوەکان فرێ دراون و جگه له خەسارگەیاندن به ژینگه و سروشت و بۆنێکی زۆر، مەترسی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی لە وەرزی گەرما بۆ خەڵکی ئەو گوندە، هەروەها دێمەنێکی ناشیرینی درووست کردووه.