هەوڵەکانی سەلاح ڕەحمانی، چالاکی مەدەنیی نە‌غەدە بۆ وەرگرتنی ناوی "بانان" بۆ منداڵەکەی وڵامدەر بوو

11:47 - 9 گەلاوێژ 2722

سەلاح ڕەحمانی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری نە‌غەدە، کە نزیک بە دوو مانگ لە هەوڵی وەرگرتنی ناسنامە بە ناوی کوردیی "بانان" بۆ منداڵەکەی بوو، باسی لە بە ئاکام گەیشتنی ئەو هەوڵەی خۆی کرد.

ڕۆژی شەممە ٨ی گەلاوێژ، ئەو چالاکە مەدەنییە لە لاپەڕەی ئینیستاگرامیی خۆیدا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ناسنامەی منداڵەکەی ڕایگەیاند: ئیدارەی باری کەسیی نەغەدە، پاش نزیک بە دوو مانگ، لەگەڵ پێدانی ناسنامەیەک بە ناوی "بانان"، بۆ منداڵەکەی ڕەزامەندیی دەربڕیوە.

سەلاح ڕەحمانی وێڕای ئاماژە بەوەی کە بە پشتیوانییەکان لە ئاستی میدیا و کۆمەڵگادا، توانیوویەتی ئەو ناوە تۆمار بکات، ڕایگەیاندووە کە زۆرێک لە بنەماڵەکان هەن کە لەگەڵ ناولێنانی منداڵاکانیان دژایەتی دەکرێت بۆیە هیوادارە ئەو مافە بۆ خەڵک بە فەرمی بناسرێت.

"بانان" پێشتر بەهۆی دژایەتییەکانی ئیدارەی باری کەسیی پارێزگای ورمێ و ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسیی ئێران، لە وەرگرتنی ناسنامە بە ناوی دیاریکراو، لەلایەن باوک و دایکییەوە، بێبەری کرابوو.

بانان لە زمانی کوردیدا بە واتای "داهاتوو" ە.