هەوڵەکانی حکوومەتی ئێران بۆ پێشگرتنی نەورۆز لە کوردستاندا درێژەی هەیە

15:06 - 24 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: ئۆرگانە دەوڵەتییەکانی حکوومەتی ئێران، لە هەوڵی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە کوردستاندان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش پاسگای ئینتزامیی ناوچەی جانەوەری شاری مەریوان، بە بانگهێشت کردنی دێهیار و شۆراکانی ئەو ناوچەیە، هۆشداری پێ داون، کە نابێت جێژنی نەورۆز لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە بەڕێوە بچێت.

هەروەها پێیانی ڕایانگەیاندووە، کە دەبێت تەواوی هەوڵی خۆیان لە ڕاستای جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارەی حکوومەتی ئێران وەگەڕ بخەن.

لەو پەیوەندییەدا، ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە شاری سنەدا، چوار چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارەیان، بە ناوەکانی \"ئیجلال قەوامی\"، \"هاشم حیسامی\"، \"سەباح حەسەنی\" و \"هیوا یووسفی\" بانگهێشت و لەو پەیوەندییەدا لەگەڵ بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز، هۆشداریان بەو چوار چالاکە مەدەنییە داوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو چوار چالاکە مەدەنییەیان ڕاگەیاندووە، نابێت بە هیچ شێوەیەک بانگەشە بۆ کۆبوونەوە و بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە نێو خەڵکدا بکەن.

ماوەیەک پێش، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، بۆ جاری دووهەم، شۆرا و دێهیاری گوندەکانی \"نەنە\"، \"نێ\" و \"باڵکـ\"ـی بانگهێشت و داوای لێیان کردووە، خۆیان لە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز ببوێرن.