هەوڵە خۆڕسکەکانی هاووڵاتییانی کوردستان بۆ خاوێنکردنەوەی شوێنە گشتییەکان بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە

11:03 - 20 رەشەمه 2719

ئەنجومەنی پاژینی شاری بانە لە هەڵمەتێکی خۆڕسک و بەبێ بەرانبەردا دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی کەرەستە تەندروستییەکان لەنێو هاووڵاتییاندا.

ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە لەو ڕاستایەدا ١٠ هەزار دەرمانی خاوێنکردنەوەیان لەنێو هاووڵاتییانی خەڵکی بانەدا بە خۆڕایی بڵاو کردەوە.

هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی پاژینی بانە بە دانانی ژمارە تەلەفۆنی ئەو ئەنجومەنە، داوایان لە هاووڵاتییان کردووە کە بە ناردنی پارە یارمەتییان بدەن بۆ کڕینی کەرەستە بێهداشتییەکان و بڵاوکردەنەوەیان لەنێو هاووڵاتییانی کەمداهاتی خەڵکی ئەو شارە.

لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک  لە لاوانی پاوە، لەسەر تێچووی خۆیان دەستیان کردووە بە خاوەنکردنەوەی شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە و دژەگەنیان کرد.

هەروەها دانیشتووانی گوندەکانی لون و کاشتری کامیاران، بە هاوکاریی دانیشتووانی ئەو گوندانە، دەستیان کردووە بە خاوێنکردنەوە و دژەگەنکردنی ئەو دوو گوندە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هەروەها لە گوندەکای "کەماڵە، دەری و قەڵاگا، سەر بە شارەکانی مەریوان و هەورامان و شاری سەوڵاوا، هاووڵاتییان دەستان کردووە بە دژەگەنکردنی ئەو گوندانە و شارەکە.

خاوەنی پاساژی "خۆرشید زرێوار"ی مەریوان، بە دووکاندارانی ئەو پاساژەی ڕاگەیاندووە، بەهۆی کەمیی داهاتی دووکانداران بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کرێی دووکانەکانی ئەم مانگە لە دووکاندارانی ئەو پاساژە وەرناگرێت.

هاووڵاتییانی کوردستان لەسەر تێچوو و پارەی خۆیان دەستیان کردووە بە هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی شارەکانی کوردستان.