\"هەوڵی دەسپێشخەریی و هێرش\"، ڕوانگەی نوێ حکوومەتی ئێران بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکان

15:21 - 23 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەری شۆرای باڵای ئەمنییەتیی نەتەوەیی ئێران لە دانیشتنێکدا لەگەڵ فەرماندەکانی سپای پاسداران لە شاری ورمێ، باسی لە \"هەوڵی دەسپێشخەریی و هێرش\"، بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ چالاکی حیزبە کوردییەکان، کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەممە، عەلی شەمخانی، بەڕێوەبەری شۆرای باڵای ئەمنییەتیی نەتەوەیی حکوومەتی ئێران، لە دانیشتنێکدا، لەگەڵ فەرماندەکانی سپای پاسداران لە شاری ورمێ، بارودۆخی سنوورەکانی کوردستانیان هەڵسەنگاند.

لەو دانیشتنەدا، خاکپوور، فەرماندەی هێزە وەشکاوییەکانی سپا و فەرماندەکانی دیکەی سپای پاسداران ڕاپۆرتگەلێکیان سەبارەت بە بارودۆخی سنوورەکانی کوردستان بە شەمخانی دا.

بەڕێوەبەری شۆرای باڵای ئەمنییەتیی نەتەوەیی حکوومەتی ئێران لەو دانیشتنەدا، ڕایگەیاند: \"لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، گرووپەکانی دژە شۆڕش، کە لە لایەن هێندێک لە وڵاتانی ناوچە و بان ناوچەییەکان پشتیوانییان لێدەکرێ، لە هەوڵدان بۆ نائەمن کردنی سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوی ئێران(کوردستان) و بە هۆشیاری هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەتییەکان، هەوڵەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە\".

ناوبراو لەو دانیشتنەدا، ڕایگەیاند: \"درووست کردنی پایگای نیزامی لە لایەن وڵاتانی بان ناوچەی، لە نزیک سنوورەکانمانەوە، بە وردی خستووەتە ژێر چاودێرییەوە\".

شەمخانی، وێڕای هەڕەشە کردن لە حیزبە کوردییەکان، ئەوەشی خستەڕوو: \"هەر جۆرە هەوڵێک بۆ نائەمن کردنی سنوورەکانی ئێران، لە لایەن هەر گرووپ یان وڵاتیكەوە، بە هەوڵی دەسپێشخەریی و هێڕشی توند، وڵام دەدرێتەوە.\"

لە سەرەتا و دەستپێکی قۆناغی خەباتی نوێی حدکا بە ناوی \"ڕاسان\"، چەند شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداری لە نێوان هێزەکانی پێـشمەرگەی کوردستان و سپای پاسداران و هەروەها هەنگی سنووریی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان هاتووەتە ئاراوە و لەو پەیوەندییەدا، پێشتریش، قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە هەواڵێکدا دووپاتی کردەوە لەگەڵ هەر جموجۆڵ و چالاکییەکی حیزبە کوردییەکان لە قوڵایی خاکی کوردستان لەگەڵی بەڕەوروو دەبنەوە.