هەوڵی خۆکوشتنی کچێكی مێرمنداڵی بۆکانی بێئاکام مایەوە

11:54 - 20 رەشەمه 2719

کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەمە، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوی "عالیە بەخشی" کچی "بەهمەن"، خەڵکی گوندی "وشتەپە"ی بۆکان هەوڵی خۆکوشتنی دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو کچە بەهۆی دۆخی خراپی ئابووریی بنەماڵەکەی و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، هانای بۆ خۆکوژی بردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد: "بنەماڵەی ئەو کچە زوو فڕیای کەوتوون و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە، هەنووکە لە بەخشی ئای.سی.یوو لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە".

ئەو سەرچاوەیە، باری تەندروستیی "عالیە"ی نالەبار ڕاگەیاندووە و ئەگەری گیانلەدەستدانی زۆرە.