هەوڵی خۆڕسکی بنەماڵەیەکی سنەیی بۆ فێرکردنی زمانی کوردی

22:13 - 9 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو ئەندامی بنەماڵەیەک (ژن و مێردێک)، لە شاری سنە، دامەزراوەیەکی فێرکاریان بۆ فێرکردنی زمانی کوردی و پاراستنی کلتووری کورد، لەو شارە دامەزراندووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"موحسێن و ئاراستە\"، دوو هاووڵاتیی کوردی لە شاری سنە، لە سەر ئەرک و تێچووی شەخسیی خۆیان، دامەزراوەیەکی کوردیان بۆ فێرکردنی لاوان بە زمانی کوردی و ناساندنی نووسەران و ڕووناکبیرانی کورد، لەو شارە دامەزراندووە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، کە هەردووکیان مامۆستای زمانی کوردین و لە هەمان کاتدا ژن و مێردن، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە، خەریکی فێرکردنی زمانی کوردی بە مەبەستی پاراستنی زمان و کلتووری کوردی و هەروەها ناساندنی نووسەران و ڕووناکبیرانی کوردن.

موحسێن بە ئاماژەکردن بە گرینگیی زمانی کوردی بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە، ڕایگەیاند: هەستمان کرد زمان و نووسینی کوردی لاوازبووە و خەریکە لەناودەچێت بۆیە خۆبەخشانە دامەزراوەیەکی فەرهەنگیی کوردیمان دامەزراندووە بە مەبەستی کردنەوەی خولی زمانی کوردی (نووسین و خوێندنەوە)، لەپاڵ ئەمەدا ناساندنی نووسەر و ڕووناکبیرانی کورد و بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان بە کوردی یەکێکی‌ترە لە کارەکانمان، بۆ ئەوەی زمان و فەرهەنگمان بپارێزین و بە پاکی بیگەیەنین بە نەوەی داهاتوو.

مۆحسین لە درێژەدا دەڵێت: \"سەرەڕای سەختی ژیان و خراپی باری ئابووری، تەواوی خەرجیەکان لە ئەستۆی خۆمانە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، بەڵام ئێمە بۆ پەرەپێدانی زمان و کلتووری کورد، هیچ هەوڵێک ناتوانێ دڵساردمان بکاتەوە.