هەورە تریشقە لەشارەکانی دیواندەرە، پاوە و بیجار، گیانی ٤ کەسی ستاند

13:53 - 7 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی هەورەتریشقە لە گوندێکی ناوچەی دیواندەرە کوڕ و باوكیک گیانیان لەدەستدا و لە ناوچەی پاوەش هەورەتریشقەوە گیان لەدەست دانی خوێندکارێکی کوردی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٦ی جۆزەردان لە گوندی \"عەلیاوا\"ی سەربە شاری دیواندەرە باوک و کوڕێک بەهۆی هەورەتریشقەوە گیانیان لەدەست دا، کە ناوی ئەو باوک و کوڕە، کەریم ئەنبەری تەمەن ٦٠ ساڵ و کوڕەکەش ئارام ئەنبەری تەمەن ٢٢ ساڵ، راگەیەندراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری دیواندەرە رایگەیاند؛ کوڕێکی دیکەی ئەو بنەماڵەیەش بەناوی رزگار ئەنبەری، کە هاوڕێ لەگەڵ برا سەربازەکەی و باوکی لە مووچە و مەزرا سەرقاڵی کار کردن بووە، بە توندی تووشی سووتان و برینداری بووە لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

هەروەها بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، لە ناوچەی پاوەو بەهۆی هەورە تریشقەوە خوێندکارێکی کوردی تەمەن ٢٣ ساڵ، گیانی لەدەست دا.

ئەو خوێندکارە ناوی فەریق خورسەندی، کوری یوونس و دانیشتووی شارۆچکەی باینگانی سەربە شاری پاوە بووە، کە بە وتەی شایەتحاڵان لە کاتێکدا ویستوویەتی ماتۆڕ سیکلێتەکەی رۆشن بکات، هەورە تریشقە لێی داوەو لە ئەجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

فەریق خورسەندی خوێندکاری ساڵی کۆتایی رشتەی حیسابداری بووە، کە دوانیوەڕۆی رۆژی سێ‌شەممە بەهۆی هەورەتریشقەوە تووشی سووتانی جەستەیی بووەو بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە لە شاری بیجاڕ کچێکی کورد بەهۆی هەروتریشقەوە تووشی سووتان بووە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە، کە هەتا ئێستا شوناسی بە هەواڵنێری کوردپا روون نەبۆتەوە.