هەورامان/ رێوڕەسمی \"كۆمسای\" لەسەر گڵكۆی \"پیرشالیار\" بەڕێوە چوو+وێنـــه

14:30 - 13 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: بەپێی نەریتی ساڵانە، خەڵكی ناوچەی هەورامانی تەخت رێوڕەسمی ئاینینی ـ نەریتی \"كۆمسای\"‌یان لەسەر زیارەتگە و گڵكۆی پیرشالیار بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەرلەبەیانی رۆژی هەینی رێكەوتی ١٢‌ی بانەمەڕ \"كۆمسای\" یەكێك لە ئاینە تایبەتی و پیرۆزەكانی خەڵكی ناوچەی هەورامانی تەخت لە شارستانی سەوڵاوا رێزی لێگیرا.

لەو رێوڕەسمەدا دەروێشەكانی ئەو ناوچەیە زكر دەكەن وهەروەها لێنانی چێشتی تشین، دەف ژەنی و سەمای عیرفانی و تەواف كردن و خوێندنەوەی شێعر و پەخشانی عێرفانی ـ ئاینیی بەشێكی دیكە لەبڕگەكانی رێوڕەسمەكەن.

\"كۆمسای\" رێوڕەسمێكی ئایینی – نەریتی‌یە و هەموو ساڵێك دوایین هەینی بەر لەرێكەوتی ١٥‌ی بانەمەڕ، خەڵك لەسەر بەردی سپی رەنگی كۆمسای لەنزیك مەزاری \"پیرشالیار\" كۆدەبنەوە و شكاندنی بەشێك لەو بەردە یەکێک لە نەریتە گرینگەکانی ئەو رێوڕەسمە ئایینی‌یە.

هاووڵاتییان ئەو بەردە بە شتێکی پیرۆز و بە مایەی رزق و رۆزی چاو لێدەكەن و بەپێی باوەڕ و لێدوانی خەڵكی ناوچەكە \" شوێنی شكاوی بەردەكە دووبارە پڕ دەبێتەوە\".

بەوتەی شارەزایان وشەی \"كومسای\" بە مانای \"ساوینەوەی بەرد بەكۆمەڵ\"، \"هاڕینی بەرد بەشێوەی بەكۆمەڵ\"، \"كوم – بەكۆمەڵ یان كۆ\" و \"سای – ساوینەوە یان ورد كردن\" دێت.

ئەو رێوڕەسمە ٤٥ رۆژ دوای نەورۆزی كوردەواری بەڕێوە دەچێت و لەهەمان كاتیشدا ٤٥ رۆژ دوای وەرزی زستان رێوڕەسمێكی دیكە بەناوی \"زەماوەندی پیر\" لەلایەن خەڵكی هەورامانی تەختەوە بەڕێوە دەچێت.

رێوڕەسمی\"زەماوەندی پیر\" هەر لە سەردەمانی زۆر دوورەوە لە گوندی هەورامانی تەخت بە بۆنەی ساڵڕۆژی زەماوەندی پیرشالیار بۆ ماوەی سێ‌رۆژ بەڕێوە دەچێت.

بەپێی دەقی سەرچاوە مێژووییەكان پیرشالیار پیرێكی رۆحانی و خواناسی سەردەمی زەردەشتی پێغەمبەر بووە و لەلای خەڵكی هەورامان رێزێكی زۆری هەیە و كتێبەكەی پیشانی كەسانی بێگانە نادەن و وتەكانی لەباتی مەتەڵ بەكار دەهێنرێ‌.

ماڵی پیرشالیار لە بەخشی \"هەورامان\"ی سەر بە سەوڵاوایە و بە ژمارە ٢٩٥٧٧، و \"كۆمسای\" بە ژمارە ٦٣ لەریزی ئاسەوارە میللی‌یەكانی ئێراندا تۆمار كراون.

وشەی \"هەورامان\" لە دوو بەشی \"هەورا= ئەهوورا\" و \"مان = مییەکان\" پێکهاتووەو بە واتای زێد و نیشتمانی هەورامییەکان یان خەڵکانی ئەهووراییە.

وێنــه: ئیرنا

\"19747.jpg\"

\"19748.jpg\"

\"19744.jpg\"

\"19743.jpg\"

\"19745.jpg\"

\"19746.jpg\"

\"19749.jpg\"

\"19750.jpg\"

\"19753.jpg\"

\"19754.jpg\"

\"19751.jpg\"

\"19752.jpg\"