هەورامان؛ کوژرانی ١٢ سەر ئەسپ و ئاگردانی کەلوپەلی کاسبکاران
11:44 - 27 خەرمانان 2721
ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەرمانان، ١٢ سەر ئەسپی کاسبکاران لە ملەی "تەتە"ی هەورامان، کرانە ئامانجی تەقەی هەنگی سنووری و کوژراون.
ئەو ١٢ سەر ئەسپە، ئەسپی کاسبکارانی ناوچەی مەریوان بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی هەنگی سنووری، لەسەر ڕێگای کاسبکاران بۆسەیان دانابوو کە لە ئەنجامدا، ١٢ سەر ئەسپی کاسبکارانیان کوشتووە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەنگی سنووریی هەورامان، هەروەها دەستیان بەسەر کەلوپەلی کاسبکاراندا گرتووە و ئاگریان تێبەرداوە.
بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلووپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ ملیۆن تمەن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلووپەلانەی کە کۆڵبەران ڕایدەگوازن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلووپەلەکانیان زەوت بکرێت.