هەواڵی تەکمیلی قوربانیی بوونی دوو كۆڵبەری كورد بە هۆی تەقینەوەی مین

13:49 - 3 رێبەندان 2713
ئاژانسی كوردپا: دوو كۆڵبەری كوردی شاری سەقز، لەئەنجامی تەقینەوەی مینە چێنراوەكانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، لەسنووری \"هەنگەژاڵ\"‌ی بانە بە توندی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، شەوی چوارشەممە رێكەوتی ٢‌ی رێبەندان دوو كۆڵبەری خەڵكی شاری سەقز بە هۆی كەوتنە سەر مین بریندار و كەم‌ئەندام بوون كە شوناسی كۆڵبەرێكیان فوئاد رۆستەمی تەمەن ١٩ ساڵ بوو.

هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لەشاری بانەوە رایگەیاند، ئەو كۆڵبەرەی دیكەش كە لەلایەن دەستییەوە بریندار بووە، ناوی بێهنام رەستگار، تەمەن ٢١ ساڵ، كوڕی سەدیق و دانیشتووی گەڕەكی بەهارستانی شاری سەقزە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، بێهنام رەستگار كاتژمێر ١٠ی شەوی چوارشەممە بردراوەتە نەخۆشخانەی \"سەلاحەدین ئەیوبی\" شاری بانە و فوئاد رۆستەمی كە لاقێكی لەدەست داوە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری پێنجوێن لەهەرێمی كوردستان كراوە و دواتر بە هۆی سەختی برینەكەی بردراوەتە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی.

بەپێی زانیارییەكان ٦ میلیۆن هێكتار لە خاكی ئێران بە مین چێنراوە و بەپێی دوایین ئامارەكان سەرجەم ١٦ میلیۆن مین لە سەرانسەری ئێراندا بوونی هەیە و چوار پارێزگای ئیلام، كرماشان، كوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا‌بەهۆی روانینی ئەمنیەتی و سنووریی بوون زیاترین رێژەی مینی چێنراویان هەیە و ئەو مینانەش بۆتە هەڕشە و مەترسیەی بۆ سەر گیانی كۆڵبەران و هاووڵاتیانی كورد.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٨ كۆڵبەری كورد لەناوچە كوردنشینەكانی ئێران بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانیی.

لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە كۆڵبەرێك گیانی لەدەست داوە و ٧ی دیكەش بریندار بوون.
\"17991.jpg\"