هەواڵنێرێکی کورد لە "ناوەندی دەنگ و رەنگی" ورمێ بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت

17:09 - 7 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: دیکیۆمێنت ساز و هەواڵنێری کوردی خەڵکی شاری سەردەشت بەهۆی فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت.

\"سولەیمان خزری\" دیکیۆمێنت سازی کورد لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: بەهۆی ئەوە لەبارەی کوژران و کۆڵبەران و ژیانی کاسبکارانی سەر سنوور سەرقاڵی دروست کردنی بەڵگە و فیلمی دیکیۆمێنتی بووە، بەرەوڕووی زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆتەوە و هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکی خۆی بە ناچاری رووی لە دەرەوەی وڵاتی خۆی کردووە.

ئەو هەواڵنێرەی ناوەندی دەنگ و رەنگی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە شاری سەردەشت، ئاشکرای کرد، کە چەندین وێنەی لە زەوت کردنی و سەربڕینی مەڕو ماڵاتی هاوڵاتییانی شاری سەردەشت هەیە کە سپای پاسداران لەو شارە بەبڕیاری راستەوخۆی فەرماندار ئەو کارەیان ئەنجام داوە.

\"12952.jpg\"
سولەیمان خزری، دیکیۆمێنت سازی کورد
ئەو هەواڵنێرە کوردە ئەوەشی خستەڕوو، کە واحید مەرکەزیی خەبەری ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا هیچ گرینگەیەک بەکاری دیکۆمێتی بەتایبەت لەسەر پرسی کوژرانی کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور نادات‌و تەنیا کۆبوونەوەی بەرپرسانی حکوومەتی بڵاو دەکاتەوە.

سوڵەیمان خزری ئاشکرای کرد، کەماوەیەک پێش ئێستا بەهۆی ئەوە کە لە وێبلاگەکەمدا هەواڵی تایبەت بە \"کوژرانی کۆڵبەران و کاسبکارانی سەر سنوور\"م رووماڵ دەکرد، لەلایەن بەرپرسی ناوەندی دەنگ و رەنگی ئوستانی ئازەربایجانەوە بەرەوڕووی هەڕەشەی دەرکران بوومەوە و بەناچاری وێبلاگەکەم داخست.
سولێمانی خزری کوڕی خاڵید، ساڵی ١٣٦٩ لە شاری سەردەشت لە دایک بووە و بۆ ماوەی ١ تێرم لە زانکۆی ئازاد دەرسی خوێندووە.

ئەو دیکیۆمێنت سازە کوردە لە قۆناخی ٢ی دواناوەندیدا وەک هەواڵنێر یئیفتخاری خوێندکاری پێ بەخشرا و هەر لەو کاتەوە لە پەنای خوێندندا سەرقاڵی کاری هەواڵنێری بووە و ساڵی ١٣٨٩ وەک هەواڵنێری ناوەندی دەنگ و رەنگی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە شاری سەردەشت دەستبەکار بووە و هەتا ئێستا وەک هەواڵنێری ئەو ناوەندە لە شاری سەردەشت کاری کردووە.

هەروەها پێشتریش\"نیشتمان حوسێنی\" کچە دیکیۆمێنت سازی کوردی خەڵکی مەهاباد لەبەر دروست کردنی فیلمی \"کوردستان سنووری توندوتیژی\" لەبارەی کوژران و ژیانی کۆڵبەران و هەروەها کەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندیدارەکان لەمەڕ بەداواداچوون بە سکاڵا و گلەیی و گازندەی ئەو کۆڵبەران کە دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، بەرەوڕووی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بوویەوە و بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشت.