هەواڵنێرێکی کورد بە دانی پارەی نەقدی سزا درا

13:47 - 14 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هەواڵنێرێکی کورد، خەڵکی شاری سەقز لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە بە دانی پارەی نەقدی سزا درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دووی شاری سەقز، هەواڵنێرێکی خەڵکی ئەو شارەی بە ناوی \"ئاراس قوربانی‌پوور\" بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان\" بە بڕی ٢ میلیۆن تمەن پارەی نەختی مەحکووم کرد.

ئەو هەواڵنێرە سەقزیە بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە کاناڵی تێلگرامیی \"ئاوات سەقز\" لە پەیوەندیی لەگەڵ \"وەرگرتنی نایاسایی دوو پارچە زەوی لە لایەن عەلیڕەزا ئیسماعیلی، ئەندامی پێشووی شۆرای شاری سەقز\"، لەگەڵ سکاڵای ناوبراو بەرەڕوو بووەتەوە و دۆسیەیەکی بە تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان\"، بۆ ئەو هەواڵنێرە دروست کراوە و دادگاییەکەی ناوبراو ٢٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ بەڕێوە چوو.

ئاراس قوربانی‌پوور، مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، پاش وەرگرتنی دادنامەیەک لە لایەن لقی ١٠٢ دادگای کەیفەریی دووی شاری سەقز ئاگادار کراوەتەوە کە بە بڕی ٢میلیۆن ڕیاڵ نەختی مەحکووم کراوە.

ئەم حوکمە بە پشتبەستن بە ماددەی ١٨ی یاسای سزاکان، بەبێ بوونی ئەو هەواڵنێرە دراوە.

ئەو هەواڵنێرە سەقزیە بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامیی \"ئاوات سەقز\"ی لە ئەستۆ بووە و کە هەوڵەکانی ئەم شارەی ڕووماڵ دەکرد و هەروەها ناوبراو هاوکاری \"حەوتوونامەی ڕۆژان\" بووە.