هەواڵنێرێکی کورد بانگهێشتی ئیدارەی ئەماکنی شاری جوانڕۆ کرا

22:03 - 29 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هەواڵنێریکی سەربەخۆ لە شاری جوانڕۆ لە سەر سکاڵای یەکێک لە فەرمانبەرانی شۆرای ئەو شارە لە ئیدارەی ئەماکن ئامادە بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، ئیدارەی ئەماکنی شاری جوانڕۆ لە سەر سکاڵای یەکێک لە فەرمانبەرانی شۆرای ئەو شارە، بانگهێشت و لێپرسینەوەی لە هەواڵنێرێکی سەربەخۆی کورد، بە ناوی \"ئیرج محەممەدزادە\" کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: پاش کۆبوونەوە و پرسیار و وڵامی ئەندامانی شۆرای شاری جوانڕۆ، یەکێک لە فەرمانبەرانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە سکاڵای لە سەر هەواڵنێرێکی سەربەخۆی ئەو شارە تۆمار کرد.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هەواڵنێرە کوردە، بە تۆمەتی بێڕێزی بە یەکێک لە فەرمانبەرانی شۆرای شاری جوانڕۆ بانگهێشتی ئیدارەی ئەماکن کراوە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆبوونەوەی پرسیار و وڵام بە ڕەزامەندنی خودی ئەندامانی شۆرای ئەو شارە بووە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئەو هەواڵنێرە کوردە ئەمڕۆ بۆ وڵامدانەوەی ئەو سکاڵایە لە ئیدارەی ئەماکنی ئەو شارە ئامادە بووە.

ئیرج محەممەدزادە، هەواڵنێرێکی سەربەخۆیە و تەنیا بە مەبەستی پرسیار کردن و ڕوونکردنەوەی کار و کردەوەی شۆرای شاری جوانڕۆ لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداری کردووە.