هەواڵنێرێکی سنەیی لە ١٧هەمین ڕاپرسیی FIFAدا بەشداری دەکات

19:52 - 24 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: فێدراسیۆنی جیهانیی تۆپی پێ، بۆ هەڵبژاردنی باشترینەکانی فیفا بانگهێشتی هەواڵنێرێکی وەرزشیی کوردی کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمساڵ لە ڕێوڕەسمی هەڵبژاردنی باشترینەکانی فیفا بۆ ساڵی ٢٠١٦، چیا فوادی هەواڵنێری ناسراوی تۆپی پێ، لەو ڕێوڕەسمەدا ئامادە دەبێت.

ئەو ڕێوڕەسمە لە ٢٠ی بەفرانباری ئەمساڵدا لە بنکەی سەرەکیی فێدراسیۆنی جیهانی لە شاری زۆریخ لە وڵاتی سوویس بەڕێوەدەچێت و باشترین یاریزانەکانی ژن و پیاوی ساڵ، باشترین ڕاهێنەری ژن و پیاوی ساڵ، باشترین گۆڵکاری ساڵ، باشترین فێدراسیۆن، باشترین یاری و یانەی هەڵبژێردراوی ساڵ دەست نیشان دەکەن.

\"\"
چیا فوادی
چیا فوادی خەڵکی شاری سنەیە و سەرنووسەری ماڵپەڕی بەرنامەی \"٩٠\"ە، کە ئەو بەرنامەیە زۆرترین بینەری هەیە.

ناوبراو زیاتر لە ١٢ ساڵ پێشینەی کاری بەردەوام لە بواری ڕۆژنامەوانیی لە کارنامەی خۆیدا هەیە و هەروەها کارناسی باڵای ئەندازیاریی ئاوەدانییە.

فێدراسیونی جیهانیی تۆپی پێ(فیفا) لە ساڵی ١٩٩١دا بە یارمەتی گۆڤاری بەناوبانگی \"فرانس فوتبال\" باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان لە ناو ژنان و پیاواندا هەڵدەبژێرێ.

گەورەترین شانازی لە ژیانی هەر یاریزانێکدا بە دەست هێنانی ناوبانگی وەک باشترین یاریزانی جیهان و تۆپی ئاڵتوونییە و هەتاکوو ئێستا قاڕەی ئاسیا نەیتوانیووە ئەو ناوبانگە بەدەست بێنێت.

لە نێوان وڵاتانی جیهاندا، وڵاتی برازیل بە ٦ یاریزان و بەدەست هێنانی ٨ ناوبانگی باشترین یاریزانی ساڵی جیهان، پلەی یەکەم لە پلە بەندی فیفای بۆ خۆی مسۆگەر کردوە.