هەواڵنێرێک لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان زێدی خۆی جێهشت

13:05 - 22 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە هەواڵنێرانی ئاژانسی هەواڵی موکریان، بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان بە ناچاری زێدی خۆی بە جێهشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"نیشتمان ئەسعەدی\"، تەمەن ٣٣ ساڵ و هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی موکریان، لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران ڕووی لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران کرد.

ئەو هەواڵنێرە کوردە، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"من چەند جارێک بە هۆی چالاکیی مەدەنی و هەواڵنێرییەوە، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد بانگهێشت کراوم و دوایین جار لە چوون بۆ ئیداری ئیتلاعات خۆم بوارد\".

دەڵێت: \"بە پێچەوانەی داواکاریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، لە چوون بۆ ئەو ئیدارەیە خۆم بوارد و هەروەها دووپاتی کردەوە کە بەبێ حوکمی قەزایی، سەردانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەم نەکردووە\".

ناوبراو ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو:\"هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆشداریان بە من داوە لە ئەگەری هاوکاری نەکردنیان لەگەڵ کێشەی ئەمنییەتیی بەرەوڕوو دەبمەوە\".

نیشتمان ئەسعەدی دەڵێت: \"پاش نەچوونم بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، هێزە ئیتلاعاتییەکان بەردەوام لەگەڵ من و بنەماڵەم پەیوەندییان دەگرت و هەڕەشەیان لێدەکردین\".