هەواڵنێریکی بۆکانی لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکەی بە بێتاوان ناسێندرا

13:33 - 4 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: هەواڵنێرێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بە تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان\" بە بێتاوان ناسرا.

هەواڵنێرێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بە ناو \"کەیوان یاری\"، کە لەسەر سکاڵای دامەزراوەی نادەوڵەتیی ڕۆژانەی بارهێنان و وزەدەری کەمئەندامانی جەستەییی \"سارێژ\"، بە تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان\" دەسبەسەر کرابوو، بە بێتاوان ناسێندرا.

ئەو هەواڵنێرە لە ڕەخنەگرانی جیددی بێهزیستیی شاری بۆکانە، کە لە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی \"پشتگوێخستنی کەمئەندامان لە لایەن کۆشکنشینەکانی بۆکانەوە\"، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا، ڕەخنەگەلێکی ئاراستەی بێهزیستیی شاری بۆکان و ناوەندی نادەوڵەتی ڕۆژانەی بارهێنان و وزەدانی کەمئەندامانی جەستەییی \"سارێژ\" کردەوە و ئەمەش تووڕەییی بەرپرسانی ئەو دامەزراوەی لێ کەوتەوە و بووە هۆی سازکردنی دۆسییەکی قەزایی دژی ئەو هەواڵنێرە کوردە.

عەلی سەوز پارێزەی کەیوان یاری: پاش سکاڵای دامەزراوەی \"سارێژ\"، دۆسییەی ئەم هەواڵنێرە لە لقی یەکی لێپرسی دادسەرای گشتیی و ئینقلابی شاری بۆکان، بە دواداچوونی بۆ کرا و بە پشتبەستن بە بەڵگەکان، نێوەڕۆکی دۆسییەکە و لێدانی شایەتحاڵەکان، بۆ پێڕاگەیشتن ڕەوانەی لقی ٣ی لێپرسی دادسەرای گشتیی و ئینقلابی شاری مەهاباد کرا و لە کۆتاییدا، لێپرس بە پشتبەستن بە بەڵگەکان و نێوەڕۆکی دۆسییەکە و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکە لە دونیای مەجازیدا و دادکۆکیی پارێزەری ئەو هەواڵنێرە، ناوبراوی بە بێتاوان ناساند.

عەلی سەوزە پارێزەری ئەو هەواڵنێرە بۆکانییە هەروەها ڕاگەیاند: \"بریگرتەکەی ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێ هێناوە\".