هەواڵنێرانی بێسنوور: دوو لەسەر سێی زیندانیان لە ئێراندا هەواڵنێرەکانن

21:08 - 27 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هەواڵنێرانی بێسنوور لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، توندوتیژی دژی ئازادیی ڕاگەیاندنی بڵاو کردووەتەوە و ئێرانی وەک یەکێک لە گەورەترین زیندانەکانی جیهان، بۆ ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییانی هەواڵنێر ناساندووە.

ئەمڕۆ ٢٧ی سەرماوەز هەواڵنێرانی بێسنوور ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی توندوتیژی دژی ئازادیی ڕاگەیاندنی بڵاو کردەوە؛ ئەو ڕاپۆرتە ئامارێکە لە ڕۆژنامەنگاران و چالاکانی میدیایی زیندانیکراو، کوژراو، بارمتەگیراو و بێسەروشوێنەکان.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، حکوومەتی ئێران بە سەرکوتی ئانلاین و یاسا سایبرییەکانی بەردەوام هەواڵنێرانی دەسبەسەر کردووە و ٢٨ هەواڵنێر لە ئێراندا دەسبەسەر کراون.

ئەو ڕێکخراوەی داکۆکی لە ئازادی باس لەوە کردووە، دوو لەسەر سێی زیندانییەکان لە ئێراندا هەواڵنێرانن کە بەهای توندوتیژییەکانی حکوومەتی تاران دەدەنەوە. ئەمڕۆ لە ئێراندا و به هۆی سەرکوتی سیستماتیکی میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان، هەواڵنیرەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک ناوەندێکی میدیایی ئازاد و دێموکراتیک کەڵک وەردەگرن. ئامانجی سەرەکی سپای پاسداران و ڕێکخراوە ئیتلاعاتییەکان سەرکوتی خەڵک و کەمینە ئایینییەکانه.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لە هاوکارانی ماڵپەڕی \"مجذوبان نور\" و دەسبەسەرکردنی ئیجلال قەوامی و شوجاع حوسێن زادە کراوە.

حکوومەتی ئێران لە پلەبەندیی جیهانی ئازادیی میدیایی هەواڵنێرانی بێسنوور لە ساڵی ٢٠١٨دا، لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا پلەی ١٦٤ی هەیه.