هەنگی سنووریی، کوژرانی یەکێک لە ئەندامانی خۆی لە شەڕ لەگەڵ هێزێکی چەکداری نەناسراو پشتڕاست کردووەتەوە

15:03 - 20 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هەنگی سنووریی شاری بانە، کوژرانی یەکێک لە ئەندامانی خۆی لە شەڕ لەگەڵ هێزێکی چەکداری نەناسراو پشتڕاست کردووەتەوە.

ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ، بە هۆی شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هێزێکی چەکداری نەناسراو لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە ناوچەی \"خێڵەڕەش\"، چەند کەس لە هێزە حکوومەتییەکان لەو شەڕدا کوژران.

فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حدکا، لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە، کە شەوی ڕابردوو، کاتژمێر ۲ی شەو، ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ناوچەی خێڵەڕەشی بانە لە شاخی ناوبریتان، نزیک بە گوندی زڵێ، بۆ ڕێگریکردن لە کاسبکاران کەمین دەنێننەوە، کە ئەو هێزانەی ڕێژیم دەکەونە بەر هێرشی چەکدارنێکی نەناسراو و لەو شەڕ و پێكدادانەدا چەند کەس لە هێزەکانی حکوومەتی ئیسڵامیی ئێران دەکوژرێن.

ڕاگەیەندراوی فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ڕاگەیەندراوەدا، شوناسی یەکێک لە کوژراوەکانی بە ناوی \"ئارمین فەخری\" ڕاگەیاندووە و هەروەها هەنگی سنووریی شاری بانە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی یەکێک لە ئەندامانی ڕایگەیاند: ئارمین فەخری خەڵکی شاری کرماشان بووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە دەوروبەری گوندی کۆکە لە ناوچەی پیرمحەممەدی بۆکان، شەڕێکی قورس لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چەکدارانی سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕووی دا، که زیاتر لە یەک کاتژمێری خایاند.

لە سەرەتا و دەستپێکی قۆناغی خەباتی نوێی حدکا بە ناوی \"ڕاسان\"، چەند شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداری لە نێوان هێزەکانی پێـشمەرگەی کوردستان و سپای پاسداران و هەروەها هەنگی سنووریی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان هاتووەتە ئاراوە.