هەنگی سنووریی حکومەتی ئێران کۆڵبەرانی بانگهێشت کرد و هەڕەشەی لێکردن

20:27 - 12 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: سنوورپارێزانی \"ناجا\" لە ناوچەی هەورامان کۆڵبەرانیان بانگهێشت و پێیان ڕاگەیاندن کە ئیتر مافی هاتوچۆی سنوورەکانیان بۆ کۆڵبەری نیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی خەرمانان، سنوورپارێزانی ناجا کۆڵبەرانی ناوچەی هەورامانیان گرووپ گرووپ بانگهێشت کردووە.

یەکێک لە کۆڵبەرانی بانگهێشت کراو بە هەواڵنێری کوردپا لە ناوچەی هەورامانی ڕاگەیاند: \"سنوورپارێزەکان پێداگریان کردوەتەوە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕاپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان که سنووری نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئێران دەداخەن\".

ئەوە سەرچاوەیە هەورەها ئەوەشی خستەڕوو، سنوورپارێزەکانی ناجا ڕایانگەیاندووە، ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، بیری ئامریکا و ئیسرائیل و ئیمپریالیستە و بەڕێوەچوونی ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی داخرانی سنوورەکان.

ناوبراوە هەروەها ڕایگەیاندووە: \" سنوورپارێزەکان بە کۆڵبەرانیان ڕاگەیاندووە بە داخستنی سنوورەکان، کۆڵبەران مافی هاتوچۆی سنووریان نیە و لە ئەگەری دیتنی هاتوچۆی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان، دەستڕێژی لە کۆڵبەران دەکەن\".

بە وتەی ئەو کۆڵبەرە بانگهێشت کراوە، سنوورپارێزەکان هەڕەشەیان کردووە لە ئەگەری هەر چەشنە پابەند نەبوونی کۆڵبەران بە بەڵینییەکان، بە توندی لەگەڵیان هەڵسووکەوت دەکەن.

لە ماوەی ڕابردوودا، ئازار و ئەزیەتی کۆڵبەران لە ناوچەی هەورامان لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران زۆرتر بووە.

لەو پەیوەندییەدا، له سەرەتای ئەم حەوتوویە، هێزەکانی سپای پاسداران لە هەوڵێکدا سنووری هەورامانیان لە سەر کۆڵبەرەکان داخست و کۆڵبەرانیان خستە ژێر گەمارۆی خۆیانەوە.

کۆڵبەر بە چین و توێژە کەم‌داهاتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگوترێت، کە لە ناوچە سنووریەکاندا خەریکی کۆڵکێشین.

ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ژێرناوی \"قاچاغچی شتومەک\" هەڵسووکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتوانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنیەتی بۆ ئەو ناوچانە لەلایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕیگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.