هەنگی سنووری بە ئەنقەست ئاگر لە دارستانەکانی کوردستان بەر دەدات

16:57 - 23 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: دانیشتوانی یەکێک لە گوندەکانی شاری بانە سەر بە پارێزگای سنە ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر ئاگرتێبەردانی دارستانەکانەوە لەلایەن هەنگی سنووری دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ شەممە ٢١ی جۆزەردان، هەنگی سنووری لە سێ شوێنەوە لەوەڕگە و دارستانەکانی گوندی\"چۆمان\" سەر بە شاری بانەیان بە ئەنقەست ئاگر تێبەردا.

لەو ئاگرکەوتنەوانەدا پێنج هێکتار لە دارستان و لەوڕگەکانی ئەو گوندە سووتان.

ئەو هەوڵەی هەنگی سنووری ناڕەزایەتی دانیشتوانی گوندی چۆمانی لێ کەوتەوە و لەو ڕاستایەدا دێهیار و شوورای ئەو گوندە، نامەیان بۆ پارێزگاری سنە و فەرمانداری شاری بانە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان ناردووە.

دەوترێ، هەنگی سنووری پێشیان بە خەڵکی ئەو گوندە گرتووە، کە هەوڵی کونتڕۆڵ کردن و کوژاندنەوەی ئەو ئاگریان داوە و دەستیان بە تەقەی هەوایی کردووە.

دانیشتوانی گوندی چۆمان داوای پێڕاگەیشتنی دووبارەی ئەو مەسەلەیان لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە کردووە.

ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی ڕۆژئاوای ئێران، بە تایبەت کوردستان، بە مەبەستی سیاسی و ئەمنیەتی ئەنجام دەدرێت و هێزە حکوومەتییەکان بە هۆی ترس لە نائەمن بوونی ئەو ناوچەیە، بەبەردەوامی لە هەوڵی لە ناوبردنی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە دایە.

لە زۆربەی ئەو ڕووداوانەدا، نیزامییەکانی حکوومەتی پێش لە خەڵکی دەگرن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکان و لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەدا هەوڵی دەستبەسەر کردنی چالاکانی ژینگەپارێزی دەدەن.

هاووڵاتییانی کوردستان زۆرجار لەو بارەیەوە ڕایانگەیاندووە: زۆربەی ئاگرتێبەردانەکان لە لەوەڕگە و دارستانەکانی کوردستان لە لایەن دەست و پەیوەندییەکانی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکان ڕوو دەدەن و بەو هۆیەوە ناوەندە پەیوەندیدارەکان هیچ هەوڵێک بۆ کونتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرتێبەردانە نادەن.

\"\"