٢٢هەمین ڕۆژی مانگرتنی بازاڕیانی شاری بانە و وڵام نەدانەوە بەرپرسانی حکوومەتی

16:12 - 16 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بازاڕیانی شاری بانە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە داخستنی سنوورەکان، لە ٢٢هەمین ڕۆژی مانگرتنی سەرتاسەریدان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی بانەمەڕ، ٢٢ ڕۆژ لە مانگرتنی سەرتاسەریی بازاڕیانی شاری بانە تێدەپەڕێت.

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ حەوتوو بە سەر مانگرتنی بازاڕیانی شاری بانە، بەرپرسانی حکوومەتی، توانای وڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک و چارەسەریی کێشەکانی بازاڕیانی ئەو شارەیان نییە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە ڕایگەیاند: بە هۆی درێژەی مانگرتنی بازاڕیانی شاری بانە، هاتووچۆی هێزەکانی دژە شۆڕش لەو شارەدا ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

لە ماوەی ڕۆژانی رابردوودا، حکوومەتی ئێران لە ترسی کۆبوونەوەی بازاڕیانی مانگرتوو لە شوێنە گشتییەکانی ئەو شارەدا، بە جێگرکردنی هێزەکانی دژە شۆڕش، کەشوهەوای ئەمنییەتی بە سەر شاری بانە باڵی کێشاوە\".

پێشتر ڕەسووڵ خزری، نوێنەری شارەکانی پیرانشار و سەردەشت لە مەجلیسی ئێران لە وتووێژێکدا، دژکردەوەی خۆی سەبارەت بە داخرانی سنوورەکان بەو شێوە ڕاگەیاندبوو، \"دەوڵەت لە کاتێکدا دروشمی هەلی کار دەدات، کە داخرانی سنوورەکان بووەتە هۆی بێکاربوونی زیاتر لە ٧٠ هەتا ٨٠ هەزار کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای ئێراندا\". ناوبراو لەو وتووێژەدا، داخرانی سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێرانی، بە \"قەیرانی مەترسیدار\" و \"بۆمبی کاتژمێر\"ی شوبهاندووە.

مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان، بەتایبەت شاری بانە، درێژترین مانگرتنی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە؛ بە وتەی چالاکانی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەم مانگرتنە مەدەنییەی بە واتای \"سەپاندنی کەرامەتی مرۆیی بە سەر حکوومەتە\".