١٢هەمین شانۆی سەر شەقام لە مەریوان کۆتایی پێ هات

21:28 - 22 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: ١٢هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامی شاری مەریوان بە بەشداری بەرهەمه بیانی و ناوخۆییەکان، پاش چوار ڕۆژ چالاکی بەردەوام بە ناساندنی سەرکەوتووەکانی ئەمساڵ، کۆتایی پێهات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانانەوە شاری مەریوان لە پاڕکەکان، گوندەکان و گۆلی زرێبار میوانداریەتی ١٢٠ بەرهەمی بیانی و ناوخۆییەکانی شانۆی سەرشەقامی ئەو شارەی کرد.

لە گەورەترین ڕووداوی هونەری_فەرهەنگی شانۆی سەرشەقامی شاری مەریوان ٣٦ هەزار کەس بەشداریان لە بەڕێوەچوون و بینینی بەرهەمە بیانی و ناوخۆییەکان کرد.

هەواڵدەریی \"مێهر\" لە زاری فاتێح بادپەروا بڵاوی کردەوە، لە ١٢هەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەر شەقام ١٢٠ بەرهەمی بیانی و ناوخۆیی بەشداربوون و یەکێک لە خاڵه بەهێزەکانی ئەم فێستیڤاڵە ئەوە بوو کە ٥٤ بەرهەمی نێونەتەوەیی سەرەڕای بارودۆخی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، ٦ وڵات لەم فێستیڤاڵە بەشدار بوون.

لە بەشی ئایینی و سوننەتیدا \" لێژنەی داوەران\" لەوحی ڕیزلێنانیان بەخشی به \"نەوید لاهیجی\" ئاوازدانەری شانۆی \"گیلدخت\" و لە بەشی دارێژەرانی ئەو شانۆیە بەخشرایه \"موجتەبا خەلیلی و ئەمیر ئەمینی\".

بەشی بیرۆکەی شانۆی گیلدخت درا بە \"نیگار نادری\" و نووسینی شانۆی ئاوێنەی ژیانیش پێشکەش بە \"فاڕووق حەسەن پوور\" لە مەریوان کرا.

لە بەشی ئازاددا \" گەلاڵەی پۆستێر و بڕۆشۆری شانۆی\" تەندیسێک بۆ شار\" پێشکەش بە \"سەعید سوبحانی\" کرا و خەڵاتی بەشی دیزاینی جلوبەرگیش درا بە گەڵالەی جلوبەرگی شانۆی لەیلی و مەجنوون.

\"محەممەد ئیسلامیی\" ئاوازدانەری شانۆی \"گوێ پر لە قسەکان\" وەکوو شایانی ڕێزلێنان دیاری کرا و گرووپی بەڕێوەبەری لەیلی و مەجنوون لە شاری بروجێرد دەستنیشان کراوی ئەو بەشە بوون.

لێژنەی داوەران \"بیتا شابازیان\"ی بۆ یاری لە شانۆی \"دختر کبریتی\" لە شاری قوڕووە، \"هێلێن محەممەدی\" بۆ شانۆی تەندیسێک بۆ شار لە شاری مەریوان شایانی ڕێزلێنانی لێژنەی داوەران بوون.

پلەی یەکەمی ئەکتەری ژن درا بە\" ئیلاهه پوور جەمشیدی\" لە تاران و \"مەهتاب زەند\" بۆ شانۆی لەیلی و مەجنوون پلەی دووهەم و \"پەریسا قوڵی پوور\" لە شاری سنە پلەی سێهەمی لە شانۆی\"داد درد دارد\" بە دەست هێنا.
\"حوسێن ئیزەدی\" ئەکتەری پیاو لە شانۆی لەیلی و مەجنوون، \"مستەفا کولیوندی\" ئەکتەری دوو شانۆی \"ویروس و درد دلهای روی خط حامل از ایلام\" \"موختار محەممەدی\" ئەکتەری شانۆی تەندیسێک بۆ شار، پەلەکانی یەک هەتا سێهەمیان بۆ خۆیان تەرخان کرد.

بەشی گەڵالە و دارشتن: \"پژمان شاهوێردی\" لە شاری بروجێرد، \"موختار محەممەدی\" لە شاری مەریوان و \"موختار حوسێنی\" لە شاری مەریوان پلەی یەکەمی هەتا سێهەم لە بەشی گەڵاڵە و داڕشتنی شانۆیان بە دەست هێنا.

لە سەر بڕیاری لێژنەی داوەران پلەی یەکەمی دەرهێنەری بە پژمان شاهوێردی لە شانۆی لەیلی ومەجنوون، \"سۆران حوسێنی\" لە شانۆی دوایین سنوورە داگیرکراوەکان پلەی دووهەم و \"سەعید خیروڵڵاهی\" لە شانۆی \"ویرووس\" پێشکەش کرا.

بەپێی هەڵسەنگاندن و دەنگی لێژنەی داوەران لە بەشی ئایینی و سوننەتی و شانۆکانی ئاوێنەی ژیان و گیلدخت ڕێگەیان پێدرا بچنە ٣٦ـه‌مین فێستیڤاڵی نێودەڵەتیی فەجر.

لە بەشی ئازادیش بە تێکڕای دەنگ ٩ شانۆی لەیلی مەجنوون، دوایین \"سەرزەوییە داگیرکراوەکان، تەندیسێک بۆ شار، دامەزراوی دۆزینەوەی کار، بوکس، دەردی دڵەکان، هەڵاتن لە زیندان و داد درد دارد\" بە دەبیرخانەی فێستیڤاڵی فەجر ناسێندران.