\"هەموو جیهان گوێی لە دەنگی خەڵکی زەردە بوو، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی نایبیستن\"+وێنە

15:19 - 31 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بیست و پێنج ساڵ پێش ئێستا و لە وەها رۆژێکدا، گوندی زەردە لەگەڵ ٤ گوندی بچووکی دیکە لە ئوستانی کرماشان، کیمیاباران کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئەنجامی کیمیابارانی گوندی زەردەی سەربە شارستانی داڵاهۆ لە سەرلە بەیانیی ٣١ی پووشپەڕئ ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا لەلایەن ئەرتەشی بەعسی عێراقەوە لە سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی نیوان ئێران و عێراقدا، نزیک بە ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا.

ئەو گوندە لە ١٠ کیلۆمیتریی شاری کرندی رۆژئاوا لە ئوستانی کرماشان هەڵکەوتووە.

گوندی زەردە هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی یارسانەکان لەسەر زیارەتگای باوا یادگار (شوێنی ئایینیی یارسانییەکان) بۆردومانی چەکی کیمیایی کراو بەو هۆیەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بوونە قوربانی.

لەم رووداوەدا ٤٥ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی زەردە، کە پێنج کەسیان منداڵی تەمەن ژێر ١٠ ساڵ و چواردە لاوی تەمەن ژێر ٣٠ ساڵ بوون، دەستبەجێ گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ئامارە نیوە فەرمییەکان زیاتر لە ١٤٠٠ کەسی دیکەش بەهۆی گازی (خەردەل)ـەوە کەمئەندام و بریندار بوون و زۆربەیان لەماوەی ٢٦ ساڵی رابردوودا گیانیان لەدەست داوە.

دەگوترێت؛ بەهۆی هاوکاتبوونی کیمیابارانی گوندی زەردە لەگەڵ عەمەلیاتی میرساد لە دەوروبەری کرندی رۆژئاوا و ئیسلام‌ئاباد، برینداران و بەرکەوتوانی کیمیابارانی گوندی زەردە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی کرماشان لەگەڵ بەربەست بەرەوڕوو بوونەوەو ئەمەش بووە هۆی ئەوەیکە ژمارەی قوربانییانی ئەو کیمیابارانە روو لە زیادبوون بکات.

هاوکات لەگەڵ کیمیابارانی گوندی زەردە، گوندەکانی \"نسار دیرە\" و \"شا مار\"ی سەربە گیلانغەرب، گوندی \"باوەجانی\" سەربە دالاهۆ و \"سەرمیل\"ی سەربە شاری سەرپێل‌زەهاویش کیمیاباران کران، کە ئاماژە بە گەورەیی کارەسات لەو بەشەی کوردستانات دەکات.

سەبارەت بە پاشهاتەکانی هێرشی کیمیایی بۆ سەر ناوچەی داڵاهۆ، یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شاری زەردە دەڵێت: هەنووکە خەڵکی ئەم گوندانە لەگەڵ کێشەی جەستەیی – رۆحی لە رادەبەدەر بەرەوڕوون و پێویستە لێپرسراوانی حکوومی ئاوڕی بەپەلە لەم بابەتە بدەنەوە.

تۆمار نەکرانی رێژەی کەمئەندامیی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، بە یەکێکی دیکە لە کێشەکانی هاووڵاتییانی ئەو گوندانەی ناوچەی داڵاهۆ دادەندرێت، کە بەرپرسانی ئوستانی بە هۆکارەکانی ئەو کەمتەرخەمییە دادەندرێت.

هەنووکە تەنیا ٤٨ کەس لە دانیشتوانی گوندی زەردە لە \"بونیادی شەهید\" پەروەندەیان هەیە و ٢٢٠ کەسیش وەکوو کەمئەندام لەو ناوەندە ناویان تۆمار کراوە.

ساڵی رابردوو، یەکێک لە دانیشتوانی گوندی زەردە لە بیست و پێنجەمین ساڵیادی کیمیابارانی گوندەکەیاندا بە یەکێک لە هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی راگەیاندبوو؛ \"هەموو جیهانی گوێبیستی مەزلوومیی خەڵکی بوو، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی نایبیستن و تەنانەت بە دەگمەن کەسێک هەیە لەم ئوستانەدا کە بزانێ گوندی زەردە کیمیاباران کراوە\".

جگە لە گوندەکانی ناوچەی داڵاهۆ، شار و گوندەکانی ناوچەی هەوراماناتیش وەک نۆدشە بۆردومانی چەکی کیمیایی کران و بەپێی ئامارە دەوڵەتییەکان نزیک بە ٣٥٠٠ هاووڵاتیی کورد لە ئوستانی کرماشان بەرکەوتووی چەکی کیمیایین.
\"21095.jpg\"

\"21096.jpg\"

\"21099.jpg\"

\"21097.jpg\"

\"21101.jpg\"

\"21103.jpg\"

\"21100.jpg\"