هەشت كەس لە شاری كرماشان لە سێدارە دران

14:57 - 8 سەرماوەز 2711
كوردپا: شەش كەس بە تاوانی كڕین و فرۆشی مادە سڕكەرەكان لە زیندانی ناوەندی كرماشان لە سێدارە دران و هەروەها حوكمی ئێعدامی 2 كەسی دیكەش لەبەر چاوی گشتیی خەڵك لە گۆڕەپانی ئازادی ئەو شارە بەڕێوە چوو.

دەزگای قەزایی شاری كرماشان تاوانی ئەو هەشت كەسەی كرین و فرۆشی مادە هۆشبەر و \"تجاوز بە عنف\" راگەیاندووە.

ناو و شوناسی ئیعدام كراوەكان لەلایەن ناوەندە قەزایی و ئەمنیەتییەكانی ئێرانەوە بڵاو نەكراونەتەوە.

حوكمە ئیعدامی ئەو هەشت كەسە كاتژمێر 10 بەیانی رێكەوتی 8‎ی سەرماوەز لە گۆڕەپانی ئازادی و زیندانی ناوەندی شاری كرماشان بەڕێوە چووە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراوی ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكان تەنیا بە تاوانی كڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەكان 13 هاووڵاتی ئیعدام كراون، ئەگەری زۆرە ئاماری راستەقینە لەم رێژەیەش زیاتر بێت.