هەشت زیندانی لە زیندانی ورمێ پاش مانگرتنیان بارودۆخی جەستەییان نالەبارە
لە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی سەرماوەزەوە، ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتیی زیندانی ورمێ لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ ڕاگواستنیان بۆ بەندی نوێی سەرووئەمنییەتی مانیان گرت و هەنووکەش هەر وا لە مانگرتندان.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ٧ کەس لەو زیندانییانە بە ناوەکانی "سیروان حوسێنی ئەسڵ"، "سامان حوسێنی ئەسڵ"، "محەممەد حوسێن پوور"، "موختار ئیبراهیمی"، "تاهیر حوسێن زادە"، "حامید قەرە ئوغڵانی" و "سەردار ئوزمەشە"، تووشی دابەزینی پەستانی خوێن بوونە و بارودۆخی گشتییان ڕووی لە خراپبوونە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە وتی: "کەیهان موکەڕەم یەکێکی دیکە لە زیندانییانی مانگرتوو، تووشی ئازاری گورچیلە بووە و بارودۆخی گشتیی ناوبراو نالەبارە".
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە بەرپرسانی زیندان داوایان لە زیندانییانی مانگرتوو کردووە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن و جەختیان کردەوە کە ڕەوانەی بەندی نوێی سەرووئەمنییەتییان دەکەنەوە.
ئەو زیندانییە سیاسی و عەقیدەتییانەی کە لە زیندانی ورمێ مانیان گرتووە بریتین لە: "سیروان حوسێنی ئەسڵ، سامان حوسێنی ئەسڵ، مەحیەدین تازەوارد، داود جەباری، سیروان ئەمینی، ئەمین دڵنشین، یاسر شەرەفەدین، خالید فەرەیدوونی، ئەرسەلان خودکام، حوسێن عوسمانی، مەحیەدین مەلائیبراهیمی، دارا ڕەشیدی، کەیوان ڕشووزادە، کامران قاسمی، کامیل سەیدان مەسکەن، ئەنوەر چاڵشی، محەممەد سەعیدی، تۆفیق عەبدوڵڵاهی، محەممەد حوسێن پوور، خوسرەو زەرستان، سەید ئارام ئەمینولئیسلام، فەرشاد فەتاحی، حامید عەلیمحەممەد مەشکوو، موختار ئیبراهیمی، ڕەحمەت دەریابەندە، سیاوەش جەوان، موحسێن مەحاڵی، تاهیر حوسێن زادە، بێهزاد تەڵایی، هێمن چاوشین، بێهرووز براخاس، هووشەنگ چەمەن برا، هیدایەت سلێمان زادە، نایب عەسکەری، عەلی محەممەدی موقەدەم، عەبدولعەزیز گوڵ محەممەدی، حامید قەرە ئۆغڵانی، سەردار ئوزمەشە، محەممەد بیرداڵ، ئەسعەد (ساکار) عەینی، محەممەد هووشەنگی، محەممەدفاتێح (سامان) سامانی، فیرووز مووسالوو، شاکر بێهرووزی دیزەج، کەیهان موکەڕەم، حاتەم ئوزدەمیر و مەهدی سانع فەرشی".