١٢ هەزار کەس لە بەخشی موور مووری لە ئابدانان لە گەرمادا بەبێ برق ژیان دەکەن

15:19 - 11 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی کوردی ناوچەی \"موور مووری\"ی شاری ئابدانان لە ئوستانی ئیلام، ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ کێشەی کەمیی وڵتاژی برق و نەبوونی برق بەرەوڕوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی بەرقی شاری ئابدانان، بە بیانووی گرانبوونی ئیمکاناتی فەننی و هاوکاری نەکردنی خەڵکی بەخشی موور مووری ئابدانان، خۆی لە چاک کردنەوەی هێڵی برقی ئەو ناوچەیە دەبوێرێت، ئەمەش ناڕەزایەتیی لای هاووڵاتیان دروست کردووە.

دابەزینی وڵتاژی برق لە بەخشی موور مووری شاری ئابدانان لە کاتێک دایە، کە بەخشی موور مووری ١٢ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و لە وەرزی هاویندا گەرمی هەوا دەگاتە ٤٨ پلەی سەدی و بەهۆی گەرمای لەڕادەبەدەر هاووڵاتییان وەزاڵە هاتوون.

بەرپرسی شۆرای شاری موور مووری رایگەیاندووە، وڵتاژی برق بە رادەیەکە لە خوارەوەیە، کە لامپێکی ١٠٠ وڵتی رۆشن ناکات، چ بگات بەوەی کە کەرەسەکانی وەکوو پەنکە و کولێر و یەخچاڵ کاری پێ بکەن، ئەمەش بەتایبەت بڕستی لە منداڵان و بەساڵاچووان بڕیوە.

هاوکات پیاوێکی بەساڵاچوو بە هەواڵدەریی \"ئیرنا\"ی راگەیاندووە، ئاخۆ بەرپرسانی شیرکەتی برق ئامادەن منداڵەکانیان بۆ ماوەی کاتژمێرێک لەم گەرمایەدا رابگرن؟ بۆیە داوا لە بەرپرسان دەکم بۆ ماوەی شەو و رۆژێک لە بەخشی گەرمەسێری کەلات موور مووری بمێننەوە، هەتا لە نزیکەوە شایەتی ئەم دۆخە بن.

مەسعوود کاکا بەرپرسی ئیدارە برقی شاری ئابدانان، تێچووی پرۆژەی برقی بەخشی موور مووری ١٧ ملیار ریاڵ خەمڵاندووە و رایگەیاندووە؛ بە دانانی دوو ترانسی زیادکردنی وڵتاژ هەتا ١٥ رۆژی دیکە بەشێوەی کاتی کێشەی کەمیی وڵتاژەکە چارەسەر دەکەین.

ئەو بەرپرسە گوتووشیەتی؛ کێشەی برق لە موور مووری هەتا کۆتاییەکانی وەرزی هاوینی ئەمساڵ چارەسەر دەکرێت و هاوکات بەخشداری موور مووریش رایگەیاندووە، ماوەی سێ ساڵە بەرپرسان بەڵینیی چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە ئەدەن، بەڵام هەتا ئێستاش بەدواداچوونەکانی ئێمە هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.

ناسر نووری باسی لەوەش کردووە لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە، هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی پارلمان، بەدواداچوون بۆ نەهێشتنی کێشەی برق دەکەین و روونیش نییە ئەم قەیرانە هەتا کەی بەردەوام دەبێت.

بەخشی کەلات موور مووری ١٢ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و لە ٥٠ کیلۆمیتریی باشووری رۆژئاوای شاری ئابدانان هەڵکەوتووە و بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ شارەکانی دێهلوڕان و ئەندیمشک لە ئوستانی خووزستان گەرمایەکی لەڕادەبەدەری هەیە، کە کێشەی برق لەم ناوچەیە ژیانی بۆ هاووڵاتییان ئەستەم کردووە.