١٥ هەزار کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی سڕکەرەوە لە سێدارە دراون

10:39 - 15 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: بە وتەی بەرپرسی "ستادی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکێر"ی ئێران، لە سەرەتای هاتنە سەر کاری حکوومەت ، ١٥ هەزار کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی سڕکەرەوە لە سێدارە دراون.

"جەلیل موحێبی"، بەرپرسی "ستادی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکێر"، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ چالاکانی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و وتەبێژی دەزگای دادوەری، وتی، ١٥ هەزار کەس پاش هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئێران، بە تۆمەتی ماددەی سڕکەرەوە لە سێدارە دراون.

لەو پەیوەندییەدا، وتەبێژی دەزگای دادوەری دژکردەەی نیشان دا و لە وڵامدا وتی، ئەو ئامارە ڕاست نییە و بۆ بڵاوکردنەوە نەدەبوو.

ئەمانە لە حاڵێکدایە کە چاوەدێرانی مافی مرۆڤ لەو بڕوایەدان کە ئەو ئامارانە لە ڕاستی نزیکن و بەرپرسانی حکوومەت زۆربەی ئێعدامەکان بە نهێنی ئەنجام دەدەن.

ئێران، عەرەبستان، وییەتنام و عێراق، پاش چین، وڵاتگەلێکن کە زۆرترین لەسێدارەدانیان تێدا ڕوودەدات.