٩ هەزار بۆمبی قورمیش کراو لە قوتابخانەکانی \"ورمێ\"دا بوونیان هەیە

14:28 - 23 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا چەندین قوتابخانە لە ماوەی ٢ ساڵی رابردوودا لە ئوستانی کوردنشینی \"ئازەربایجانی رۆژئاوا\" بەهۆی گڕگرتنی سۆبەی نەوتییەوە لە ئاگردا سووتان، هەتا ئێستاش بەشێکی زۆر لە قوتابخانەو پۆلەکان لەو ئوستانەدا بە سۆبەی نەوتی گەرم دەکرێن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ئەمساڵی خوێندندا لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، ٩ هەزار پۆلی خوێندن لە قوتابخانەکاندا، بۆ گەرمکردنەوەی پۆلەکان کەڵک لە سۆبەی نەوتی وەردەگرن.

بەرپرسی ئیدارەی پەورەردە و بارهێنانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، بۆ پاساو هێنانەوە لەمەڕ هەبوونی ئەو ریژەیەی سۆبەی نەوتی لە قوتابخانەکان، بە هەواڵدەریی \"مێهر\"ی راگەیاندووە؛ سەرجەمی ئەو سۆبە نەوتییانە، کاربراتۆریان هەیە و بەردەوام کۆنترۆڵ دەکرێن.

وتەی فەرەیدوون سەید مستەفەوی لە کاتکدایە، کە رێکەوتی ١٧ی بەفرانبار، قوتابخانەی گوندی \"ئاڵمەڵوو\"ی سەربە بەخشی قوتووری شاری خۆی، بەهۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتیی ناستانداردەوە، بە تەواوەتی تێکرووخا.

ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، لە ساڵی نوێی خویندندا ٢٣ هەزار پۆلی خوێندنی چالاکی هەیە، کە ٣ هەزار پۆلی خوێندن لە گوندەکانی ئەو ئوستانەندا چالاکن.

کارناسانی کاروباری قوتابخانەکان، کوورەی نەوتیی قوتابخانەکان بە بۆمبی قورمیش کراو وەسف دەکەن، کە بەردەوام مەترسیی تەقینەوەی لە ئارادایە و ستاندارد بوونی ئەو سۆبە نەوتییانەش بە پاساوێکی \"بێ جێ\"ی لایەنە پەیونەدیدارەکان لە قەڵم ئەدەن.

زۆربەی قوتابخانەی ناوچە پەراوێزخراوەکان بە تایبەت لە قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیدا، بۆ گەرم کردنی پۆلەکان کەڵک لە سۆبەی نەوتی وەردەگرن، کە لە ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوییەوە زیاتر لە ٥٠ قوتابی بەهۆی سووتانەوە لە قوتابخانەکاندا گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی دیکەش بەهۆی سۆبەی ناستانداردەوە سووتاون و کەمئەندام بوونە، کە سووتانی کچە قوتابیانی شیناوێی پیرانشار نوێترین حاڵەتی سووتانی قوتابیان لە قوتابخانەکاندایە.