هەرەشە کردن لە بەرپرسی قوتابخانەکان بۆ ئەستاندنی پارە لە قوتابیان+بەڵگە

19:45 - 5 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی پەروەردەی شاری پیرانشار بۆ وەرگرتنی پارە لە قوتابیان هەڕەشە لە بەرپرسانی قۆتابخانەکانی سەربەو شارە دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی پەروەردەی شاری پیرانشار لە بەخشانامەیەکدا هۆشداری داوەتە بەرپرسی قوتابخانەکان، کە ئەگەر بەپێی ئەو پسوولانەی کە پێیان دراوە پارە لە قوتابیان وەرنەگرن و نەیخەنە حیسابی قوتابخانەکانەوە، دەبێ بەرپرسی قوتابخانەکان ئەو بڕە پارەیە بخەنە حیسابی قوتابخانەکانەوە.

ئیدارەی پەروەردە لەو بەخشانەیەدا بە بەرپرسی قوتابخانەکانی راگەیاندووە، کە هەتا ئێستا بۆ ئەستاندنی پارە لە قوتابییان و هەروەها وەرگرتنی پسوولەی پارە هیچ هەوڵێکتان نەداوە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات لەو پەیوەندییەدا هەوڵەکانتان بخەنەگەڕ.

پێشتر شاهید عەلەوی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، رایگەیاندبوو؛ هێندێک لە بەرپرسان بەوپەڕی لێزانییەوە دەیانهەوێ بۆ کۆکردنەوەی داهات، فشار لەسەر شانی بنەماڵە کەم داهات و هەژارەکان کەم بکەنەوە، بەڵام بەگشتی ئەم بەرپرسیارەتییە بۆ سیستەمی پەروەردە لە ئاستی هەرە سەرەوەدا و سیستەمی سیاسی دەگەڕێنەوە.

ئەو ئەندامەی پێشووی کانوونی مامۆستایانی کوردستانی ئێران باسی لەوەش کردبوو، سیستەمی پەروەردە لەلایەن سیستەمی دەسەڵات و حکوومەتەوە هیچ گرینگیەکی پێ نادرێت و لە ئاکامدا بودجەی شیاو و پێویستی بۆ تەرخان ناکرێت، بۆیە بەپرسی قوتابخانەکان بۆ دابین کردنی تێچووی قوتابخانەکان بە ناچاری دایک و باوکی قوتابیان ناچار ئەکەن کە یارمەتیی قوتابخانەکان بکەن.
\"18485.jpg\"