هەرەسی ڕنوو ٣ کۆڵبەری لە ناوچەی سەردەشت کردە قوربانی

13:27 - 10 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بارینی بەفر و هەرەسی ڕنوو لە شاری سەردەشت، ٣ کۆڵبەر لە گوندی \"بێورانی سەرێ\"ی سەر بەو شارە، بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان، ١٢ کۆڵبەری کورد لە شاری سەردەشت بوون بەژێر هەرەسی ڕنووەوە.

سێ کەس لەو کۆڵبەرانە گیانیان لەدەست داوە کە شوناسیان بە \"دیار محەممەدنژاد \"کوڕی هەمزە، تەمەن ١٨ ساڵە و \"شێرزاد عەبدوڵڵایی\" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی عومەر و \"هیوا ئیبراهیمی‌نیا\" کوڕی عەبدوڵڵا تەمەن ٢٢ ساڵ\" ڕاگەیەندراوە.

\"\"یەکێک لە بریندارەکانی ئەو ڕووداوە بە ناوی \"ڕزگار عەلیزادە\" خەڵکی گوندی بێوارانی خوارێ، لەو ڕووداوەدا لاقێکی شکاوە.

بەپێی هەواڵی ئەو سەرچاوەیە، کۆڵبەرە بریندارەکان بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری سەردەشت کراون.

ئەو کۆڵبەرانە بە یارمەتیی خەڵکی خۆجێیی و شاخەوانان و خەڵکی شاری سەردەشت ڕزگار کراون.

بارینی بەفر لە وەرزی زستاندا یەکێکی دیکە لە مەترسییەکانە کە بەرەوڕووی گیانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد دەبێتەوە.

بارودۆخی ناڵەباری ئابووری، دانەمەزراندنی هاووڵاتییانی کورد لە ناوەند و ئیدارە دەوڵەتییەکان بووەتە هۆی ئەوەیکە هاووڵاتیان بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان ڕوو لە پیشەی پڕمەترسیی کۆڵبەری بکەن و ڕۆژانە شاهێدی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەبین.