هەرێمی كوردستان دەبێتە یەكێك لە جەمسەرە نەوتییەكانی ناوچە

20:43 - 22 رەشەمه 2711
كوردپا: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەی دایە كە هەتا ساڵی 2014 ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە رۆژدا بگەیەنێتە یەك میلیۆن بۆشكە.

لە حاڵی حازردا 48 كۆمپانیای نەوتی لە 18 وڵاتی جیهانەوە لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستاندا چالاكییان هەیە.

لێپرسراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایانگەیاندووە، دیانهەوێ‌ لە بەرنامەیەكەی دیاری كراودا هەرێمی كوردستان بكەنە یەكێك لە جەمسەرە نەوتییەكانی ناوچە.

ماڵپەڕی دۆیچەوێلە بڵاوی كردەوە، لەحاڵی حازردا بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان رۆژانە 175 هەزار بوشكەیە و لێپرسراوانی ئەو هەرێمە ئاشكرایان كردووە، هەتا ساڵی 2019 وەبەرهێنانی نەوت دەگەیەننە دوو میلیۆن بۆشكە نەوت لە رۆژدا.

بەپێی هێندێ‌ سەرچاوەی باوەڕ پێكراو لەكۆی گشتیی نەوتی عێراق پشكی كانگا نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان 45 میلیارد بوشكەیە.

لە ماوەی یەك مانگی رابردوودا شیركەتی نەوتیی \"تۆتاڵ\"ی فەرانسە پاش كەم كردنەوەی پێوەندییە بازرگانیە نەوتییەكانی لەگەڵ حكووومەتی ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ هەرێمی كوردستان گرێبەتسی نەوتیی واژۆ كرد و ئێستا لە چەند شوێن سەرقاڵی وەبەرهێنانی نەوتن و ئەمەش بووە هۆی تووڕە بوونی وەزارەتی نەوتی عێراق.

وڵاتی عێراق رۆژانە سێ‌ میلیۆن بوشكە نەوت بەرهەم دەهێنێت و لەناو وڵاتانی وەبەرهێنەر و هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك) پاش عەرەبستان پلەی دووەمی هەیە و ئێرانیش پلەی سێیەم.