بۆجنوورد؛ ئەبولفەزل و سامان ئێسکەندەریان، دوو ئامۆزای کوردی کرمانج و دەسبەسەرکراوی بەفرانبار، سزای بەندکران، قامچی و سزای نەختییان بەسەردا سەپێندرا

17:06 - 13 گەلاوێژ 2726

١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ «ئەبولفەزل ئێسکەندەریان»ی ٢٣ ساڵان و «سامان ئێسکەندەریان»ی ١٩ ساڵان، دوو هاووڵاتیی کوردی کرمانجی خەڵکی بۆجنوورد سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور کە ئامۆزای یەکترن و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەسبەسەر کرابوون، لەم دواییانەدا لە دوو دۆسییەی جیاوازدا لەلایەن دادگاکانی ئینقلاب و کەیفەریی بۆجنووردەوە، هەرکامیان بە ٢ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی داسەپاوی، لێدانی ٧٤ قامچی و پێبژاردنی ٢٢ میلیۆن تەمەن سزای نەختی مەحکووم کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ویرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئەبولفەزل و سامان ئێسکەندەریان لە دۆسییەیەکدا لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی بۆجنووردەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ئەیزانلوو» بە تۆمەتەکانی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» و «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نەتەوەیی»، هەرکامیان سزای ٢ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی داسەپاویان بەسەردا سەپێندراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە دۆسییەیەکی دیکەدا لەلایەن دادگای کەیفەریی بۆجنووردەوە بە تۆمەتەکانی «تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی» و «سەرپێچی لە فەرمانی مەئمووران لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکدا»، هەرکامیان بە لێدانی ٧٤ قامچی و ٧٤ میلیۆن تەمەن سزای نەختی مەحکووم کراون.

ئەم سزایانە لە سەرەتای پووشپەڕی ١٤٠٥دا بەشێوەی زارەکی بە ناوبراوان ڕاگەیەندراوە.

ئەبولفەزل و سامان ئێسکەندەریان ڕۆژی ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان و بێ خستنەڕووی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی ناڕوون گواسترانەوە. ناوبراوان دوای چوار ڕۆژ دەسبەسەرکران لە شوێنێکی نادیاردا، لەکاتکدا کە چاو و دەستیان بەستراوبووەوە و کەوتبوونە ژێر ئەشکەنجەی جەستەییەوە، بۆ بەندیخانەی بۆجنوورد گواسترانەوە و سەرەنجام دوای مانگێک دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، لە ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا بە دانانی بارمتە و  بەشێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە تەواوی ماوەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەش بوون.