مەڵکشایی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر سزای لەسێدارەدانی مێهدی ڕەوشەنی، دەسبەسەرکراوی مانگی بەفرانبار، بە تۆمەتی "موحاربە"
۱۳ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ «مێهدی (سیکان) ڕەوشەنی»، لاوی کوردی خەڵکی مەڵکشایی لە پارێزگای ئیلام کە دوای خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ دوو جار دەسبەسەر کراوە و دوو دۆسییەی سیاسیی بۆ کراوەتەوە، لە دۆسییەی ئەم دواییەیدا بە تۆمەتی «موحاربە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. ئەم حوکمە ئێستا بە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕینی پارێزەرەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا، لەژێر پێداچوونەوەدایە و ناوبراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامدا بەند کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ مێهدی (سیکان) ڕەوشەنی دوایین جار لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «فەیزی» بە تۆمەتی «موحاربە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. بنەماڵەکەی لەڕێگەی پارێزەرێکەوە ناڕەزایەتییان بەرانبەر بەم سزایە دەربڕیوە و دۆسییەکە ئێستا لە دادگای پێداچوونەوەی ئیلامدا کاری لەسەر دەکرێت.
بەوتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، مێهدی ڕەوشەنی سەبارەت بە تۆمەتی «موحاربە» لە سەرەتای گەلاوێژی ۱۴۰۵دا دیسانەوە دەسبەسەر کراوەتەوە و بە بڕیاری دەسبەسەرکردنی دوو مانگە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کراوە. ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەم دۆسییەیەدا تۆمەتگەلێکی وەک «وێنەگرتن لەسەر کورسیی بەردەم فەرمانداریی مەڵکشایی»، «هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر لووتکەی کەبیرکێو» و «تێکدانی موڵکی گشتی»یان وەپاڵ داوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە مێهدی ڕەوشەنی سەرەڕای بەرگەگرتنی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی، دانی بە هیچکام لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکاندا نەناوە و هەمووی ڕەت کردوونەتەوە.
هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش ئیدعای ئەوەیان کردووە کە دوو کەسی دیکە لە دەسبەسەرکراوەکان لە دژی ئەو شایەتیان داوە، بەڵام جگە لە ڕاپۆرتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەم ئیدعایە لەبەر دەستدا نییە.
یەکێک لە کەسە نزیکەکانی مێهدی ڕەوشەنی بە هەمان شێوە وەپاڵدانی تۆمەتی «وێنەگرتن لەسەر کورسیی بەردەم فەرمانداریی مەڵکشایی" بە ناوبراوی ڕەت کردووەتەوە، کە هەندێک لە میدیاکانیش بڵاویان کردووەتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو دانی بە هیچکام لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکاندا نەناوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەنجامی نەداون. بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە بە دڵنیابوون لە بێتاوانیی ڕۆڵەکەیان، هیوادارن سزای سێدارەدانەکە لە قۆناغی پێداچوونەوەدا هەڵوەشێتەوە.
شایانی باسە کە مێهدی (سیکان) ڕەوشەنی پێشتریش دوای خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ دەسبەسەر کرابوو.
کوردپا پێشتر ڕاپۆرتی دابوو کە ئەو ڕۆژی ۲۶ی بەفرانباری ۱۴۰۴ بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. ناوبراو دوای چەند مانگێک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، بەڵام دۆسییەیەکی سیاسیی دیکەش لەدژی تۆمار کرابوو.
مێەهدی (سیکان) ڕەوشەنی، لاوێکی کوردی خەڵکی مەڵکشاییە و لە هۆزی گەورەی «بەولگ» لە مەڵکشاییە.