١٧٠ هێکتار لە زلکاوەکانی زڕیبار لە ئاگردا سووتان

11:33 - 27 بەفرانبار 2720

بەهۆی ئاگرتێبەردانی زلکاوەکانی زرێبار و دەورووبەری، ١٧٠ هێکتار لەو تاڵاوانە سووتان و بوونە خۆڵەمێش.

بەرپرسی ئیدارەی ژینگەپاڕێزیی شاری مەریوان ڕایگەیاند: ١٧٠ هێکتار لە زلکاوەکانی گۆلی زرێبار و دەورووبەری، بەهۆی کەمتەرخەمیی کەس یان کەسانێکی نەناسراو، سووتان.

"ئیبراهیم هیمەت" لەو بارەیەوە بە هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیسنا"ی ڕایگەیاند: ئەو ڕێژەیە لە سووتانی زلکاوەکانی زرێبار لە چاو ساڵانی پێشوودا، کەم وێنە بووە، کە بووتە هۆی لەنێوچوونی شوێنی ژیانی ئاژەڵان و گیانلەبەرانی ئەو ناوچەیە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کەسانێکی دژە ژینگە ، جارێکی تر هێرشیان کردووەتە سەر گۆلی "زرێبار" و خەسارێکی بەرچاویان بە ژینگەی سروشتیی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

بەهۆی کەمتەرخەمیی ناوەندە پەیوەندییەدارەکان لە پاراستنی ژینگە، هەزاران باڵندەی کۆچەری کە گۆلی زرێباریان وەک زلکاوێکی ئەمن هەڵبژاردووە، شێواندووە.

پاش هاتنە سەر کاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، زلکاوی زرێبار حەوتەمین زلکاوی ئێرانە کە لە کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی ڕامسەر، تۆمار کراوە.