٨٠ هێکتار لە دارستانەکانی ناوچەی سەلاسی باوەجانی لە ئاگر دا سووتان

15:06 - 20 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ئاگر کەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچەی سەلاسی باوەجانی بووە هۆی سووتانی ٨٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ڕۆژی ڕابردوو ١٩ی گەلاوێژ، ئاگر کەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچەی \"دۆی زردی\" سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی نزیکەی ٨٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیەی سووتان.

بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای کرماشان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: ئەو ئاگر کەوتنەوەیە لەلایەن خەڵکانێک لە کاتی ڕاوەماسی کە هەوڵی ئاگرکردنەوەیان دابوو، هاتۆتە ئاراوە کە لە ئەنجامدا بەشێک لە دارستانەکانی ناوچەی سەلاسی باوەجانی سووتان.

زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هۆکاری مرۆیی ڕوو دەدات.

ئەو ئاگرکەوتنەوە پاش چەند کاتژمێر، بە هەوڵی خەڵکی ئەو ناوچەیە و ژینگەدۆستان کۆنتڕۆڵ کرا.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژ، بە هۆی مانۆڕێکی سەربازی لەلایەن سپای پاسدارانەوە، نزیکەی ٤٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی شاخی شاهۆ سووتان و بوونە خۆڵەمێش.

شاری سەلاسی باوەجانی بە حەشیمەتی ٣٨هەزار کەسی لە ١٣٦ کیلۆمێتری ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە.