٥٠٠ هێکتار لە دارستانەکان و لەوەڕگەکانی مەریوان سووتاون

15:11 - 16 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ئاگر کەوتنەوە،وە ئەمساڵ٥٠٠ هێکتار لە دارستانەکان و لەوەڕگەکانی نزیک بە شاری مەریوان لە پارێزگای کوردستان، لە ئاگردا سووتاون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نزیکەی ٤٥ حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە ئەمساڵ لە دارستانەکانی شاری مەریوان ڕوویداوە، کە ئەمەش بووتە هۆی سووتانی ٥٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەگەکانی ئەو شارە.

هەواڵدەریی تەسنیم لە زاری بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو شارەوە بڵاوی کردەوە، بە داخەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بە هۆی ڕووداوی ئاگر کەوتنەوە، زۆربەی لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو شارە بوونەتە خۆڵەمێش.

ئیسماعیل مەنوچێهری، هەروەها ڕایگەیاند: ئەمساڵ چەندین جار ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی شاری مەریوان ڕوویداوە کە بەداخەوە هەتا ئێستا ئامارێکی ورد لە ڕێژەی خەسارەتی ئەو ڕووداوانە لەبەردەست دانیە.

ناوبراو هەروەها گوتی: هێندێک لە ئاگرکەتنەوەکان بە جۆرێک بووە کە خەڵکی گوندەکانی ئەو شارە پێش لە ئاگاداری بوونی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان خۆیان کونتڕۆڵی ئاگرکەیان کردووە.

بە وتەی مەنوچیهری، لە ئەمساڵدا ٤٥ حاڵەتی ئاگرکەتنەوە لە شاری مەریوان ڕوویداوە.

کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئیدارەی ژینگە پارێزی و سەرچاوە سروشتییەکان و هەروەها نەبوونی چالاکیی پێویست لەمەڕ گرینگی پاراستنی ژینگە و وشیارکردنەوەی هاووڵاتییان، بە هۆکاری سەرکیی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان بە ئەژمار دێت.

خەڵکی خۆجێیی کوردستان لەو باوەڕەدان، کە هێزەکانی وەک سپای پاسداران، هەنگی سنووری و ئەرتەش لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە بیانووی بوونی ‌هێزە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هەوڵی ئاگرتێبەردانی دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان دەدەن.