٣٠ هێکتار لە داربەڕووەکانی سەرپێڵی زەهاو لە ئاگردا سووتان

15:05 - 28 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ئاگرکەوتنەوە بەردەوامەکانی دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچەکانی کوردستان هەناسەی ژینگەی کوردستانی بڕیوە و لە نوێترین حاڵەتدا ٣٠ هێکتار لە داربەڕووەکانی شاری سەرپێڵی زەهاو لە ئاگردا بوونە خۆڵەمێش.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، ٢٧پووشپەڕ، ٣٠ هێکتار لە داربەڕووەکان و پووش و پاوەنی شارۆچکەی بشیوە و پاتاقی شاری سەرپێلی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان لە ئاگردا سووتان.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە پاش ١٦ کاتژمێر بە هاوکاری ژینگە پارێزان و ژینگە دۆستان و خەڵکی ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ کرا.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بوو بە هۆی سووتانی ٣٠ هێکتار لە داربەڕوەکانی ئەو ناوچەیە و خەرسارێکی بەرچاوی بە ژینگە و ئێکۆسیستمی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.

لە سەرەتای ئەمساڵدا، چەند جار دارستانەکانی ناوچەی سەرپێڵی زەهاو بە هۆکاری نادیار ئاگریان گرتووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی کەمترین هەوڵیان لەو بارەیەوە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوانە نەداوە.

شاری سەرپێڵی زەهاو بە حەشیمەتی ٩٠ هەزار کەسی لە ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە و ٤٨ کیلۆمێتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی عێراق دا هەیە و هەروەها زیاتر لە ٨٨ هەزار هێکتار دارستان و لەوەڕگەی هەیە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، دارستانەکانی شاخی کۆساڵان سەر بە شاری سەوڵاوا، بە هۆی تۆپباران کردنی هێزەکانی سپای پاسداران ئاگریان گرت و نزیکەی ٢٧٠ هێکتار لە ٥٧ هەزار هێکتاری ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتان.