هێنانی خەڵک بۆ ڕۆژی قودس بە کەڵکاژۆوەرگرتن لە ئازادکردنی پارە بلوکەکراوەکانیان

15:03 - 10 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری شاری سەقز لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ ڕاکێشانی خەڵک و هێنانیان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژی قودس، دەستی داوەتە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"موحسین بیگلەری\"، بە ناو نوێنەری شاری سەقز لە مەجلیسی حکوومەتی ئێراندا، بۆ هێنانی خەڵک بۆ سەرشەقام و پشتیوانیکردن لە ڕۆژی قودس، هانای بۆ پڕوپاگەندە بردووە و باسی لە ئازادکردنی پارە بلووکەکراوەکانی دۆلارفرۆشەکانی ئەو شارە کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سەقز، بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: \"ڕۆژی ڕابردوو بیگلەری بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لە شاری سەقز وتوویەتی ئەو کەسانەی حیسابەکانیان مەسدوود کراوە، بەتایبەتی دۆلارفرۆشەکان، ئەمڕۆ هەینی سەردانی فەرمانداری بکەن تا پارەکانیان ئازاد بکرێت. ئەمە لە حاڵێکدایە، کە ڕۆژی هەینی پشووی ڕەسمییە و هیچ دامەزراوەیەکی حکوومەتی کار ناکات و ئەم هەیینییەش لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە، وەکوو دوایین هەینی مانگی ڕەمەزان بۆ پشتیوانی لە فەلستین دیاری کراوە و شوێنی فەرمانداریی سەقز لە ڕێگەی خۆپیشاندانە حکوومەتییەکاندا هەڵکەوتووە و ئامانجی ناوبراو ئەوە بووە کە ئەم ڕێڕەوە بە قەرەباڵغی نیشان بدات.\"

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: \"بیگلەری لە ڕێگای کەسانی نزیک لە خۆی پڕوپاگەندەی ئەوەی کردووە کە ئەو کەسانەش کە حیسابەکانیان هێشتا ئازاد نەکراوە، سبەینێ بێن بۆ فەرمانداری، لەوێ ناویان دەنووسم و لە زووترین کاتدا حیسابەکانیان ئازاد دەکەین.\"