هێمن (کاروان) شاهی، خۆپیشاندەرەی تۆمەتلێدراو بە "موحاربە" باسی لە گواستنەوەی خۆی بۆ شوێنێکی نادیار کرد

16:10 - 27 سەرماوەز 2722

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند، ڕۆژی شەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠١، هێمن (کاروان) شاهی، خۆپیشاندەری تۆمەتلێدراو بە "موحاربە"، لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی، باسی لە گواستنەوەی خۆی بۆ شوێنێکی نادیار، کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی کوڕەکەیان، سەردانی دادسەرای ورمێیان کردبوو، بەڵام هیچ وڵامێکیان دەست نەکەوتبوو.

ڕۆژی ڕابردوو ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠١، کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا، باسی لە تۆمەتلێدراوان بە "موحاربە"ی خەڵکی شنۆ بە تایبەتی؛ فەرزاد تەهازادە، هێمن (کاروان) شاهی، ڕەزا ئیسلام‌دوست، شارام مەعرووف مەولا، ئەیووب ئاغلیانی، هەژار حەمیدی و فەریاد حەمەشوور کرد کە لە زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار، ڕاگوێزراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو؛ بنەماڵەی ئەو ٧ هاووڵاتییە نیگەرانی چارەنووسی کوڕەکانیانن و لە بەدواداچوونەکانیان لە زیندانی ورمێ، هیچ وڵامێکی ڕوونیان دەست نەکەوتووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە؛ فەرزاد تەهازادە، هێمن شاهی، ڕەزا ئیسلام‌دوست، شارام مەعرووف مەولا، ئەیووب ئاغلیانی و فەریاد حەمەشوور، لە ژێر ناوی دۆسیەیەک بە تۆمەتی "موحاربە" مەحکووم کراون.

هەروەها هەژار حەمیدی لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی شنۆ، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە "موحاربە" تۆمەتبار کراوە.

هێمن (کاروان) شاهی تەمەن ٢٣ ساڵە کوڕی یاسین ئیوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بەپێی زانیارییەکانی کوردپا لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، ئازار و ئەشکەنجە دراوە و یەکێک لە قامکەکانی دەستی شکاوە.