هێمن مستەفایی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە کرا

11:16 - 12 بەفرانبار 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانبار، زیندانییەکی کورد بە ناوی "هێمن مستەفایی"، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە کرا.

ئەو زیندانییە کوردە ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩١، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و بەشداری لە کوشتنی ئیبراهیم محەممەدی تازاوایی، یەکێک لە ئەندامانی پێشووی سپای پاسداران"، لە شاری مەریوان دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، کرابوو.

"هێمن مستەفایی" دواتر لە دادگای کەیفەریی شاری سنە، بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەک" بە ٤ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

دانپێنانی زۆرەملێی ئەو زیندانییە لە دێکیومێنتارێکدا، لەژێر ناوی "سووژەی هاوبەش" لە کاناڵی "پرێس تی‌ڤی" بڵاو کرابووە کە لەو دێکۆمێنتارەدا، "هێمن مستەفایی" لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "بەیان کاکەخانی" و "هیوا دادئافرین" و "خەلیل شێرزادی" لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسییەیە، دانیان بەوەدا ناوە کە بە وەرگرتنی بڕی ٣٠٠ ملیۆن تمەن لەلایەن یەکێک لە حیزبە کوردیەکان، لە کوشتنی "ئیبراهیم محەممەدی"، لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ،٩١ دەستیان هەبووە.

٣١ی بانەمەڕی ساڵی ٩٦، بە هەوڵی هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنی، جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی "هێمن مستەفایی" ڕاگیرا.

ئەو زیندانییە بڕیار بوو، ١ی جۆزەردانی ساڵی ٩٦، لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە بدرێت کە پاش وەرگرتنی ڕەزامەندنیی بنەماڵەی کوژراوەکە، حوکمی ئەو زیندانییە ڕاگیرابوو.