هێمن مام قادری لە زیندانی ورمێ پێویستیی بە چارەسەری پزیشکیی هەیە

17:27 - 21 پووشپەڕ 2722

هێمن مام قادری خەڵکی بۆکان لە زیندانی ورمێ کە لە کاتی دەسبەسەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بریندار کرابوو پێویستیی بە چارەسەری پزیشکیی هەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە "کوردپا"ی ڕایگەیاند: هێمن مام قادری کە لە کاتی دەسبەسەری لاقی بریندار کرابوو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ کراوە و بەرپرسانی زیندان ویستوویانە چارەسەریەکەی بە زووترین کات ئەنجام بدرێت. دواتر بە بێ تەواوکردنی چارەسەری گەڕێندراوەتەوە زیندان. لەو بارەیەوە پزیشکی چارەسەری هێمن هوشداری داوەتە بەرپرسانی زیندان کە ناوبراو پێویستی بە نەشتەرگەری و چارەسەری دووبارە هەیە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: "ئەو هاووڵاتییە لە دەرەوەی ماڵەکەی دەسبەسەر کراوە و لە کاتی هەڵاتن لە دەست هێزە ئەمنییەتییەکان، لەلایەن ئەو هێزانەوە تەقەی لێ کراوە و لەو ڕووداوە لاقی بریندار کراوە".

هێمن مام قادری هەنووکە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە.

ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕ، "هێمن مام قادری" زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە

 هاووڵاتییە کوردە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ کراوە

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی هێمن مام قادری زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٩، هێمن مام قادری پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی نوێی هێزی دادوەری لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.

ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٦، ئەو زیندانییە کوردە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و پڕۆپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، دەسبەسەر و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی شاری بانە ڕاگوێزرابوو و دواتر بۆ دادگاییکردنەکەی ڕەوانە زیندانی سەقز کرابوو.

دادگای ئینقلابی شاری سەقز، ئەو هاووڵاتییە بۆکانییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە تۆمەتی‌ وەپاڵدراوی "دژایەتی لەگەڵ خوا" (محاربە) بێتاوان دەرچووبوو.

حوکمی دادگای سەرەتایی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە دیوانی باڵای وڵات بۆ ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە و لە ساڵی ١٣٩٨ لە زیندانی سەقز بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.