هێمای شوناسی شاریی کرماشان لە مەترسیی فەوتاندایە

15:33 - 12 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: گرینگی نەدانی لایەنە پێوەندیدارەکان بە یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی کرماشان، هەڕەشە لە هێمای شوناسی ئەو شارە دەکات.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، دانیشتووانی گەڕەکی جەوانشیری کرماشان، گلەییان لە بەرپرسانی ئەو شارە کردووە کە لە کۆمەڵێک ئیمکاناتی شاری بێبەش کراون و داواکاریی چەندپاتەیان لە لایەنە پێوەندیدارەکان بێ‏ئاکام بووە.

ئەو گەڕەکە بە هۆی کۆن بوونیەوە، ڕێگا و بانی هاتوچۆی تەسکە و بە وتەی یەکێک لە دانیشتووانەکەی ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە نە ماشینی ئۆرژانسی نەخۆشخانە و نە ئاگرکوژێنەوە و تەنانەت ئۆتۆمبیلی گەشتیی ئینتزامیش پێیدا هاتوچۆیان بۆ ناکرێت.

ئەو گەڕەکە کە زیاتر لە سەد ساڵە ئاوەدانە، خاوەنی پێکهاتەیەکیی سواوی شاری و ڕێڕەوی چنراوی کۆڵانەکانی بە جۆرێکە کە زۆربەی خانووەکانی لە لیستەی میللی‏دا تۆمار کراون و وەک شوێنەوارێکی مێژوویی سەیر دەکرێت.

\"29113.jpg\"
هەواڵدەریی ئیرانای پارێزگای کرماشان لە درێژەدا دەنووسێت: \"گەڕەکی جەوانشیر لە بوونی پارکی تایبەت بە گەمەی مناڵان بێ‏بەرییە.

تایبەتمەندیی وەک پانتایی کەمتر لە ٢٠٠ میتری چوارگۆشە، ناتۆکمەیی و کۆڵانی تەسکتر لە ٦میتر، دەچنە چواچێوەی پێکهاتەی سواوی شارییەوە.

سەبارەت بە پێکهاتەی سواوی شاری لە جەوانشیر، ئەندامێکی شووڕا وێڕای قەبووڵی ئەو کێشەیە، ڕایگەیاند کە نەبوونی بوودجە، هۆکاری سەرەکیی پێ‏ڕانەگەیشتن بەو دۆخەیە.

خەمساردیی بەرپرسانی شارەوانی و بێ‏دەرەتانیی دانیشتووانی ئەو گەڕەکە، کۆچی خاوەن ماڵەکانی لێ‏کەوتووەتەوە و هەندێ لە خانووەکانیش بوونەتە شوێنی کۆبوونەوەی کەسانی تووشبوو بە مادەی هۆشبەر.

هەروەها زۆربەی گەڕەکەکانی ناوەندیی شاری کرماشان لە گۆڕەپانی ئازادی تا خەیام، شەقامی شەریعەتی، شەقامی ڕەشیدی و شەقامی کارگەر، بە مەکۆی پێکهاتەی سواوی شاری دێنە ئەژمار.

ئابشووران،بەرزە دەماخ، تاریکە بازار،تیمچە، چاڵەچاڵە، چنانی، جەمخانە و...هتد، لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری ٩٥٠ هەزار کەسیی کرماشانن.

\"29114.jpg\"