هێلیکۆپتێرێكی شەڕکەری سپا لە حەوزەی قەرارگای ناوەندیی "کێلەشینـ"ـی شنۆ کەوتە خوارەوە

18:45 - 5 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی سێشەممە ٥ی خاکەلێوە، هێلیکۆپتێرێكی شەڕکەری سپا لە بەرزاییەکانی کێلەشین لە شنۆ تووشی ڕووداوێک بوو و لە ئەنجامدا کەوتە خوارەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دڕۆنێکی ئێلێکترۆنی بۆ فیلمبەرداری و وێنەهەڵگرتنەوە لەگەڵ دوو هێلیکۆپتێرێكی سپای پاسداران لە ورمێ لە کاتی هەڵسەنگاندنی دۆخی سنوورەکانی داڵامپەڕ و ناوچەکانی کێلەشین دابوونە کە یەکێک لەو دوو هێلیکۆپتێرانە کەوتووەتە خوارەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد: "ئەو مەئموورییەتە بۆ ڕاگواستنی کەلوپەلی خواردن بۆ هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی کوردستان، هەڵسەنگاندن و کۆنترۆڵی سنوورەکان، بەدەستهێنانی زانیاری لە ڕێگا دژاور و بەفراوییەکانی سەر سنوور و دروستکردنی پایگای تازە بەپێی پەسندکراوی شورای بەرگری و عەمەلیاتیی سپا لە ناوچەکەدا ئەنجام دراوە".

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد: "هێلیکۆپتێری شەڕکەری سپا لە کاتی ئەو مەئموورییەتە لە کێلەشین کەوتووەتە خوارەوە".

پێوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی کەوتنەخوارەوەی ئەو هێلیکۆپتێرە بڵاوی کردووەتەوە: "لەو ڕووداوەی هێلیکۆپتێری هەوانیرووزی سپا هیچ کەس زیانی پێنەگەییشتووە".

قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران باسی لە وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە نەکردووە.