هێلال ئەحمەر هەڕەشە لە ڕیکخراوەی \"ژیانەوەی سروشتی مەهاباد\" دەکات

17:01 - 8 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: هێلال ئەحمەری مەهاباد، هەڕەشەی دەستبەسەر کردنییان لە ئەندامانی ئەنجومەنی \"ژیانەوەی سروشتی مەهاباد\" کە خەریک بە کۆکردنەوەی یارمەتی خەڵک بۆ لافاولێدراوان بوون کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەندامانی ئەنجومەنی \"ژیانەوەی سروشتی مەهاباد\" کەمپەینێکیان لە ژێر دروشمی \"بە تەنیا بە جێیان نەهێشتین، بە تەنیا جێیان ناهێڵین\" بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی خەڵک بۆ لافاو لێدراوان، وەڕێخستوە کە لەگەڵ دژکردەوەی کۆمەڵەی هێلال ئەحمەری مەهاباد رووبەڕوو بووەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆمەڵەی هێلال ئەحمەری مەهاباد بە هەڕەشەکردن لە بەڕێوبەرانی ئەو کەمپەینە پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێ یارمەتییە کۆکراوەکان ڕادەستی هێلال ئەحمەر بکەن.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: ئەندامانی ئەنجومەنی \"ژیانەوەی سروشتی مەهاباد\" ئەو داوایەی هێلال ئەحمەری مەهابادیان ڕەت کردووەتەوە.

هەروەها ئەم سەرچاوە ڕایگەیاندووە: دوای ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی هێلال ئەحمەری مەهاباد، هەڕەشەی دەسبەسەری لە بەڕێوبەرانی ئەو کەمپەینە کراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا وتوویەتی: سەرەڕای هەڕەشەکان، ئەندامانی ئەنجومەنی \"ژیانەوەی سروشتی مەهاباد\" درێژە بە کۆکردنەوەی یارمەتییەکان بۆ خەڵکی لافاولێدراو دەدەن.

لە ڕۆژی دووشەممە، ٥ی خاکەلێوەوە، لافاو زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستانی گرتووەتەوە و ڕێکخراوی کەشناسی بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک سەبارەت بە ڕوودانی لافاو لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان هۆشداری دا.
جێگری بەڕێوبەرایەتی قەیران لە ڕێکخراوی پزیشکی دادوەریی ئێران جەختی کردووەتەوە، لە دووهەمین شەپۆل لە بارینی باران و ڕوودانی لافاو لە پارێزگاکانی ئێراندا ٣٠ کەس گیانیان لە دەست داوە؛ پێشتریش ڕاگەیەندرابوو کە لە شەپۆلی یەکەمی هەستانی لافاو لە پارێزگاکانی باکوور و باکوری خۆرهەڵاتی ئێران ٩ کەس گیانیان لە دەست داوە.