هێزەکانی ئیتلاعات هاووڵاتییەکی کوردیان لە پیرانشار دەسبەسەر کرد

15:45 - 13 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی ئیتلاعات، هاووڵاتییەکیان لە شاری پیرانشار دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە، ١٠ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سەید ڕەزا ئەحمەدی\"، کوڕی سەید عەلی، خەڵکی گوندی \"ترکەشـ\"ـی سەر بە شاری پیرانشار، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعات بەبێ هەبوونی مۆڵەتی یاسایی، ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و لەبارەی شوێنی ڕاگیرانیشی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: \"هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ بەدەسهێنانی زانیاری لەبارەی شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو، بێ ئاکام ماوەتەوە\".

دەوترێت، هێزەکانی ئیتلاعات ئەم هاووڵاتییە کوردە، کە خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، دەسبەسەر کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی شەممە، ١٢ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"جەماڵ دوستان\"، خەڵکی شاری ورمێ، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکەی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا، بۆ بەندی ٣ و ٤ی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزراوە.

ئەم هاووڵاتییە، ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕ، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، دەسبەسەر کرابوو.