هێزەکانی سەر بە حکوومەت تەقەیان لە خەڵکی بێ‌تاوان کرد

14:02 - 14 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: دیسان هێزەکانی سەر بە حکوومەتی ئێران بێ‌هیچ هۆکارێک تەقەی ڕاستەوخۆیان لە شارومەندانی بەلووچ کردووە.

کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە هەواڵێکدا باسی لە هێرشی شەوانەی هێزەکانی سەر بە حکوومەت بۆ سەر چەند هاووڵاتی بێ تاوان لە شەوی پێنجشەممە ١٢ی ڕەشەممە کردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە لە ئاکامی ئەم هێرشەدا، ٥ خوێندکاری زانکۆی خەڵکی خاش کەوتوونەتە بەر تەقەی هێزەکان و دوو کەس لەم کەسانە بریندار بوون و ٣ کەسی‌دیکەش بەدەستی هێزەکانی حکوومەتیی ئێران، بەر لێدان و بێرێزی کەوتوون و بە تووندی بریندار بوون.

بە پێی ئەم هەواڵە، ئەم ٥ کەسە بۆ سەیران و گەشتیاری ،شەوانە بە ماشین بەرەو جاددەی ئیرانشار چوون و لە کۆتاییشدا کەوتوونەتە بەر هێرشی هێزەکانی حکوومەتی.

شووناسی ئەم ٥ خوێندکارە ؛ \"عاسم و نەعیم شەهنەوازی کوڕی محەممەد نەسیر، حەیدەرحوسەین زێهی کوڕی جان محەممەد، سامان شەهنەوازی کوڕی محەممەد عەلی و داوود تاگزی‌پوور کوڕی عەبدولمەجید\" ڕاگەیەندراوە.

لە درێژەدا، سامان شەهنەوازی لە بەشی سەر و ملییەوە و عاسم شەهنەوازی لە بەشی لاقییەوە کەوتوونەتە بەر گوللە و بە توندی بریندار بوون.

شایانی باسە کە سامان شەهنەوازی خوێندکاری بەشی ئەندازیاری تێکنۆلۆژی بینایە و سەبارەت بەم ڕووداوە ڕایگەیاندووە کە؛ \" هێزەکانی سەر بە حکوومەت، لیباس شەخسی بوون و بێ‌هیچ هۆشدارو ئاگادارکردنەوەیەک تەقەیان لێ کردین و ئێمە بەردەوام هاوارمان دەکرد کە بێتاوانین و تەنیا خوێندکارین بەڵام هیچ سەرنجێکیان بە هاوارەکانی ئێمە نەدەدا و بەردەوام تەقەیان لێ دەکردین\".

ئەمە یەکەم جار نییە کە هێزەکانی حکوومەتی بێ‌هیچ هۆکارێک بە بڕیاری دەزگای قەزایی ئەم پارێزگایە تەقە لە شارومەندانی بەلووچ دەکەن؛ تاکوو ئێستا بە دەیان جار لاوانی بەلووچ کەوتوونەتە بەر ئامانجی ڕاستەوخۆی ‌هێزەکانی ئینتزامی ئێران و بە تووندی بریندار و تەنانەت گیانیشیان لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ ، ساڵی ڕابردوو واتە ٢٠١٦، لانیکەم ٢٦ شارۆمەندی بەلووچ بەهۆی تەقەی هێزەکانی
حکوومەتی ئیسلامی ئێران برینداربوون و گیانیان لەدەست داوە و هیچ یاسا و دەزگایەکی حکوومەتیش وەڵامدەری ئەم چەشنە ڕووداوە دژە مرۆیانە نییە.