هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی عێراق لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان جێگیر بوون

21:11 - 10 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران و هێزەکانی سپای عێراق لە ناوچە سنوورەکانی کوردستان جێگیر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێكەوتی ١٠ی ڕەزبەر، هێزەکانی سپای پاسداران و ‌هێزەکانی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی مانۆڕێکی سەربازیی بۆ سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان جێگیر بوون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار ڕایگەیاند: ‌هێزەکانی سپای پاسداران بە تانکی نیزامی و چەکی قورسەوە چوونە ناو شاری پیرانشار و سنوورەکانی ئەم شارە و باشووری کوردستان جێگیر بوون.

\"\"بە وتەی شایەتحاڵێک هێزەکانی سپای پاسداران و سپای عێراق، بە چەکوچۆڵە نیزامییەکانیانەوە لە ناو شاری پیرانشاردا گەڕاون و حاڵ و هەوایەکی ترسناکیان لە شاردا دروست کردووە.

هەروەها هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان ڕایگەیاند: سپای پاسداران چەکوچۆڵە نیزامییەکانی لە شاری ئەسفەهانەوە بۆ سنووری باشماخ هێنابوو.

بۆ یەکەم جارە کە حکوومەتی ئێران و عێراق بە هاوبەشی مانۆڕی سەربازیی بەڕێوە دەبەن. فەرماندەکانی سپای پاسداران دەڵێن: ئەم مانۆڕانە بۆ جێگیر کردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە گومرێکەکان و پاراستنی یەکپارچەی عێراقە.

سپای پاسداران گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بە نایاسایی دەزانێت و جەخت لە یەکپارچەی عێراق دەکاتەوە.

هەروەها دەگوترێت کە بازاڕچەکانی تەمرچین، پەرویزخان و باشماخ داخراون و هاوردە و هەناردە کردن لەم سنوورانە ئەنجام نادرێت.

دوای بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هەواڵگەلێک سەبارەت بە داخرانی سنوورەکانی کوردستان لەگەڵ ئێران و عێراق بڵاو کرایەوە، حکوومەتی ئامریکا هۆشداری بە ئێران و عێراق سەبارەت بە ئەنجام دانی هەر کردەوەیەکی نیزامی هاوبەش دژی هەرێمی کوردستان دا.