هێزەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری بۆکان هێرشیان کردووەتە سەر چەندین قوتابخانەی ئەو شارە

11:12 - 8 خەزەڵوەر 2722

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری بۆکان بە ئامانجی دەسبەسەرکردنی قوتابیان هێرشیان کردووەتە سەر دوو قوتابخانەی ناوەندی هەڵکەوتوو لە گەڕەکی "میراوا" و شەهرەکی "ئوچ تەپە" و قوتابخانەی دواناوەندی "ئەلزەهرا" هەڵکەوتوو لە پشتی تێرمیناڵی تارانی قەدیم.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە ١٢قوتابی لە قوتابخانەی گەڕەکی "ئوچ تەپە"ی بۆکان دەسبەسەر کراون.

بە دوای هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەتی ئێران بۆ ئەو قوتابخانانە و زاڵکردنی کەشی ئەمنییەتی، بنەماڵەی ئەو قوتابیانە پێش لە تەواوبوونی کاتی وانەکانیان، منداڵەکانیان لە قوتابخانە وەرگرتووەتەوە و بردوویاننەوە ماڵ.