هێزەکانی حکوومەتی ١٤ سەر ئەسپی کاسبکارانیان لە شنۆ کوشت

14:54 - 28 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقە بەردەوامەکانی هێزە سنوور پارێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاسبکارانی کورد، ١٤ سەر ئەسپی کاسبکارانی شاری شنۆ بە کوشت چوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ٢٥ لە سەر ٢٦ی بانەمەڕ، هێزەکانی حکوومەتی لە شوێنێک بە ناوی \"قەمتەرە\" لە سنووری شاری شنۆ تەقەیان لە ئەسپی کاسبکاران کرد.

لە ئەنجامی ئەو دەستریژی و تەقەکردنەدا ١٤ سەر ئەسپی کاسبکاران بە کوشت چوون.

بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، کەلووپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە ١ ملیۆن تمەن کەمتر بێت هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلووپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵی دەگرن لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلووپەلەکانیان زەوت بکرێت.
کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام رۆژانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتیان پێدەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.